لۆگۆی رێکخراوی یونیسێف - سەرچاوە: ماڵپەڕی رێکخراوەکە
باسی هێرشەکەی سەر هەولێر دەکات
یونیسێف: هەموو تووندوتیژییەک دژی منداڵان ئیدانە دەکەین
پێشەوا محەمەد
رێکخراوی یونێسفی جیهانی لەسەر هێرشەکەی سەر هەولێر هاتووەتە دەنگ و دەڵێت، هەموو تووندوتیژییەک دژی منداڵان ئیدانە دەکەن.
لەو هێرشەدا کە دوێنێ شەو لە لایەن سوپای پاسداران کرایە سەر هەولێر و چەند مووشەکێک ئاراستەی ماڵی پێشڕەو دزەیی، خاوەنی ئیمپایەر وۆرڵد و فالکۆن گرووپ کرابوو، جگە لە خۆی کچێکی 11 مانگانیشی بەرکەوت و گیانی لەدەست دا.
رێکخراوەکە ئەمڕۆ سێشەممە لەسەر پلاتفۆڕمی X رایگەیاندووە، “یونیسێف شۆکی خۆی دەردەبڕێت لە کوژرانی منداڵێک لە هێرشەکەدا کە لە هەولێر، لە هەرێمی کوردستانی عێراق روویداوە”.
دەشڵێت، یونیسێف هەموو کردەوەیەکی تووندوتیژی دژی منداڵان ئیدانە دەکات و هاوخەمی خۆشیان بۆ خێزانەکەیان دەربڕیوە و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
هێرشەکەی دوێنێ شەوی سەر هەولێر بووە کوژرانی شەش هاوڵاتی و برینداربوونی 17ـی دیکە.
هێرشەکە ناڕەزاییەکی زۆری ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە و حکومەتی عێراقیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لەسەر رووداوەکە پێکهێنا.
یونیسێف رێکخراوێکی جیهانییە کاردەکات بۆ گەیشتن بە بێبەشترین منداڵان و هەرزەکاران، بۆ پاراستنی مافەکانی هەموو منداڵێک لە هەموو شوێنێک. نووسینگەیان لە زیاتر لە 190 وڵاتدا هەیە.