هەڵەبجەییەکان نەکرانە میوانی كەنداوی 25

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

لە کوردستان، سەرۆکی هەرێم و سێ پارێزگار چوونە بەسرە بۆ بەشداری لە ئاهەنگی کرانەوەی کەنداوی 25، تەنیا پارێزگاری هەڵەبجە نەبێت.

ئەمڕۆ شەشی كانونی دووەمی 2023، جامی كەنداوی 25 لە بەسرە دەستیپێكرد.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارێزگاری هەریەكە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆكی بۆ بەشداریكردن لە ئاهەنگەكاندا چوونه‌ بەسرە، تەنیا پارێزگاری هەڵەبجە نەبێت.

+964 چەند جارێک پەیوەندی بە ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە کرد بۆ پرسین لەبارەی هۆکاری نەچوونی بۆ بەسرە کە ئایا بانگهێشت نەکراوە یانیش هەر خۆی نەچوو، بەڵام ژمارەکەی داخرا بوو.

كاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە بە+964ی راگەیاند ”تا ڕۆژی پێنجشەممە ئەوەندەی من ئاگاداربم هیچ شێوەیەك بانگهێشتنامە بە ئێمە نەگەیشتووە چ لەلایەن عێراقەوە بێت یان لە لایەن سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانەوە”.

ئەوانەی هاوسەفەری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بوون بۆ بەسرە، هەریەکە لە حەمەی حەمەسەعید وەزیری رۆشنبیری، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک و شاکر سمۆ بەڕێوەبەری گشتی وەرزش و لاوان، بوون..