وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاوی کردووەتەوە

“ئێران بە رێگەی ژێردەریایی بچوک چەک دەگەیەنێت بە حوسییەکان”

ئەحمەد مستەفا

رۆژنامەی ئەمریکی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە ئێران بۆ گواستنەوەی چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ حوسییەکانی یەمەن، رێگای بەکارهێنانی ژێردەریایی بچووکی گرتووەتەبەر.

بەپێی راپۆرتەکە، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژیی تاران بۆ بەردەوامبوون لە پاڵپشتیی ئەو گرووپە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە پشتیوانییەکانی ئێران تەنیا لە گواستنەوەی چەکدا کورت نابنەوە، بەڵکو زانیاریی هەواڵگری، راوێژکاری و پشتیوانیی سەربازیش دەگرنەوە، هەروەها، بەکارهێنانی مووشەک و درۆن لەلایەن حوسییەکانەوە، وەک نیشانەی پەرەسەندنی توانای سەربازیی ئەو گرووپە باس کراوە.

بەپێی هەمان راپۆرت، چالاکییەکانی حوسییەکان لە دەریای سوور و تەنگەی بابولمەندەب بوونەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان دەربارەی ئاسایشی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی، بازرگانی و دابینکردنی وزە.