گردبونەوەی هاوڵاتیان دژی هێرشە موسەکیەکانی سەر هەولێر- وێنە:964
وڵاتان چی دەڵێن؟
کاردانەوەکانی سەر هێرشە موشەکیەکەی هەولێر بەردەوامە
964+
توانا نەقی
لە دوای تێپەڕبوونی چەند کاتژمێرێک بەسەر هێرشە موشەکییەکانی سوپای پاسداران بۆسەر هەولێر کاردانەوە ناوخۆیی و دەرەکی و عێراقییەکان بەردەوامە.
سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە رایگەیاند، ئیدانەی هێرشەکە دەکەم، یەکلاکردنەوەی ئەم مەسەلانە لەرێی گفتوگۆوە دەبێت نەک هێرشی سەربازی.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێناوە بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کە ئەم بەیانییە سەردانی هەرێمی کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە لە هێرشەکان.
هەروەها وەزارتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، لای ئەنجومەنی ئاسایش سکاڵا تۆمار دەکەین و ئەمڕؤش بانگێشتی کارڕاپەڕێنەری ئێرانی لە بەگدا کردووە لەبارەی هێرشە موشەکییەکانەوە یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێداوە. .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەر دوێنێ شەو ئاگادار بوونی خۆی لە هێرشەکان راگەیاند و ئیدانەی کرد، ئاماژەی بەوەشکرد لە هێرشەکاندا هیچ بنکەیەکی هێزەکانیان نەکراوەتە ئامانج.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا ئیدانەی هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێری کردوو بە هێرشی ناڕەوا ناوی دەبات.
باڵوێزخانەی کەنەدا لە عێراق بلاویکردەوە، بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە لەلایەن ئێرانەوە کراوەتە سەر هەولێر.
هەریەک لە باڵوێزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق و وەزارەتی دەرەوەی چین ئیدانەی هێرشەکانی سەر هەولێریان کرد و داوای راگرتنی توندوتیژیان کرد.
لە کاردانەوەیەکی دیکەدا سەرۆکی هێزە سیاسییەکانی هەرێم ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەن و دەڵێن ناکرێت بە موشەک خەڵکی سڤیل بکرێت بە قوربانی و هێرشی درۆنەکان بەردەوام بێت.
کاتژمێر 11:30 خولەکی دوێنێ شەو لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بە چەندین موشەکی بالیستی هێرشکرایە سەر چەند شوێنێکی هەولێر و بە پێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم چوار کەس گیانیان لەدەستداوە و شەش کەسیش بریندارن و یەکێک لە بریندارەکانیش گیانی بەخشیوە.