نرخی نەوت - گرافیک: 964+
تەنگەژەکانی دەریاى سوور بەردەوامە
حوسییەکان نەیانهێشت نرخی نەوت دابەزێت
964+
وریا فەتاح
لەگەڵ بەردەوامى کێشەکانى دەریاى سوور و هێرشەکانى ئەمریکا بۆسەر حوسییەکانى یەمەن، نرخى نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، ئەمڕۆش لە کاتى کردنەوەى بازاڕى جیهانیدا، نرخى نەوتى خاو بە رێژەى 0.28% بەرز بووەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 78 دۆلار و 51 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت، نەوتی سووکی تەکساسیش بەرزبوونەوەی بە رێژەی 0.9% تۆمارکردووە، هەر بەرمیلێکی بە 72 دۆلار و 88 سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.
ناجێگیرى لە دەریاى سوور و هێرشەکانى ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانى بۆسەر چەکدارانى حوسییەکانى یەمەن، کاریگەرى راستەوخۆى لەسەر نرخى نەوت هەیە، وتەبێژی حوسییەکان دەڵێت: بەردەوام دەبن لە کردنە ئامانجی هاتووچۆی کەشتییەکان کە بەرەو ئیسرائیل دەڕۆن، بەپێى هەواڵى میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەو وڵاتە هۆشداریی داوە کە هێرش بۆ سەر حوسییەکان، مەترسى لەسەر ئاسایشى ناوچەکە زیاتر دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ژمارەیەک خاوەن کەشتى نەوتهەڵگر لە دەریای سوور دوورکەوتنەوە و چەند کەشتییەکی دیکە رۆژی هەینی رێڕەوی خۆیان گۆڕی.