4 بە1

بەرازیلییەکانى ریال بارسایان وێرانکرد

964+

لە یاریگای ئەوەل پارک لە شاری ریازی سعودیە، کلاسیکۆى یارى کۆتایى جامى سوپەرى ئیسپانیا لە نێوان ریال مەدرید و بارسێلۆنا ئەنجامدرا و تیپەکەى پایتەخت، بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنى نوسییەوە.

لە هەناسەکانى سەرەتای یارییەکەدا، ریال دەستى خۆى وەشاند و لە خولەکەکانى 7 و 10 لە رێگەى ڤینسیۆس جۆنیۆرەوە دوو گۆڵى لەسەریەکیان تۆمارکرد.

دواتر لە خولەکى 33 رۆبەر لیڤاندۆڤسکى گۆڵێکى بۆ بارسا تۆمارکرد، بەڵام خۆشى هاندەرانى بوگرانا زۆرى نەخایاند و ڤینسیۆس بە گۆڵى سێیەم، وەڵامى کوڕانى جاڤى دایەوە.

سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک، ناونیشانى گێمى یەکەمى یارییەکە بوو.

چاوەڕوان دەکرا لە گێمى دووەمدا، جاڤى پلانەکانى جێبەجێ بکات، بەڵام بە پێچەوانەى کەشى یارییەکە، لە خولەکى 64 دا، رۆدریگۆى بەڕازیلى چوارەم تۆپى لە تۆڕى بارسادا جێگیرکرد.

لە خولەکى 71ى یارییەکەشدا، کاپتن و بڕبڕەى پشتى هێڵى بەرگرى بارسا بە کارتى سور دەرکرا.

ئەنجامى 4 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک بوو بە ناونیشانى کۆتایى یارییەکە و ریاڵ بە شایستەیى بوو بە پاڵەوانى جامى سوپەرى ئیسپانیا.