قەرەباڵغی ناوشار کەمدەکاتەوە
شەقامێکی سەرەکی لە هەڵەبجە تەواو دەکرێت
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
پاش نزیکەی دوو ساڵ لە وەستانی پڕۆژەی رێگای حەمەوغان، کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردەوە و شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت، هەوڵ دەدەن بە زوویی تەواوی بکەن.
شەقامەکە رێگایەکی سەرەکییە کە رێگای دەرچوون لە هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزار و هاتوچۆ و بەشەناوخۆیی زانکۆی هەڵەبجەی لەسەرە.
درێژیی رێگاکە کیلۆمەتر و نیوێکە و شارەوانیی هەڵەبجە دەڵێت، ماوەی دوو ساڵە بەهۆی نەبوونی بوودجەوە کارکردن لە پڕۆژەکە راگیراوە.
سەلام بیلال، سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە بە 964ـی وت، بەهۆی نەبوونی بوودجە و قەیرانی دارایی کارکردن لە پڕۆژەکەدا راگیرابوو، بەڵام چەند رۆژێکە دەستمان کردووەتەوە بە کارکردن لە پڕۆژەکەدا، پاش ئەوەی پێشتر شەقامەکە فراوانکرابوو لە ئێستادا شۆستە و ستوونەکانی کارەبا بۆ رێگاکە دادەنرێت”.
وتیشی، پڕۆژەکە بڕی دوو ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە لەسەر بوودجەی هەرێمەکان و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی بە زووترین کات شەقامەکە تەواو بکرێت و بە رووی شۆفێراندا بکرێتەوە”.
بە داخستنی ئەو رێگایە بارگرانی و ئاستەنگی هاتوچۆ لە هەڵەبجەدا بۆ شۆفێران دروست دەبوو، کە دەبوایە لەباتی ئەم رێگایە شەقامەکانی ناوشاریان بەکاربهێنایە و زۆر جار دەبووە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ لەناو شاردا.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد