14 کیلۆمەترە
رێگاى ژاراوە – دەربەند چاوى لە بانکى نێودەوڵەتییە
964+
وریا فەتاح
کێشەیەک لە نێوان بانکى نێودەوڵەتى و بانکى ناوەندى عێراق، کێشەى بۆ جێبەجێکردنى پڕۆژەى دووسایدى نێوان ژاراوە-دەربەند، دروستکردووە.
پڕۆژەى دووسایدى رێگاى نێوان ژاراوە-دەربەند، لە سنورى ئیدارەى راپەڕین تەنیا دەرخستەى بۆکراوە، 964 بەدواداچوونى بۆ پڕۆژەکە کرد و ئومێد حەمە ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتى رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى راپەڕین بە 964ى وت،”پڕۆژەى دووسایدى رێگاى نێوان دەربەند- ژاراوە، دەرخستەى بۆ کراوە و خراوەتە بەرنامەى بانکى نێودەوڵەتى بۆ ئەوەى مینحەیەکى بۆ خەرج بکرێت”.
پڕۆژەکە نزیکەى 50 ملیار دینارى پێویستە، بە وتەى ئومێد حەمە، ئەو بوودجەیە زۆرە و لە تواناى حکومەتدا نییە لەئێستادا پارەى بۆ خەرج بکات.
ساڵانە بانکى ناوەندى بەخشینێکى دارایى بۆ پڕۆژەکان دەدات بە بەشێک لە وڵاتان، وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە لە سنورى ئیدارەى راپەڕین دوو پڕۆژەى خستووەتە بەردەم بانکى نێودەوڵەتى، کە یەکێکیان پڕۆژەى رێگاى دوسایدى نێوان ژاراوە دەربەندە و ئەوەى تر خەلەکان بۆ دووکانە و بە هەردووکیان 100 ملیار دیناریان پێویستە.
بەڕێوەبەرى گشتى رێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنى راپەڕین ئاماژە دەشڵێت: بوونى کێشەیەک لە نێوان بانکى ناوەندى و بانکى نێودەوڵەتى، هۆکار بووە بۆ ئەوەى مینحەکە دابین نەکرێت، هەرچەند ئێمە نازانین کێشەکە چییە، بەڵام هەرکات بانکەکە مینحەکەى خەرج کرد دەست دەکەین بە جێبەجێکردنى پڕۆژەکە.
لەئێستادا رێگاى دەربەند ژاراوە، چەندین چاڵوچۆڵى بۆ دروستبووە و پێویستى بە چاککردنەوەیە، بە وتەى ئوێد حەمە، دەرخستەى بۆ کراوە و کەشوهەوا ئاسایى ببێتەوە، چاڵوچۆڵەکان پڕدەکەنەوە.