سوپای توركیا چاوەڕێی كاتژمێری  سفرە بۆ ئۆپراسیۆن

+964
كوردستان ئەحمەد- هەولێر

سوپای توركیا ئامادەكاریی تەواوەتی دەكات بۆ ئۆپراسیۆن لە رۆژئاوای كوردستان و لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە.

ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەر لەسەر زاری گەورە بەرپرسانی توركیا هەواڵێكی بڵاو كردوەتەوە و تێیدا هاتووە، توركیا ئامادەكاریی تەواوەتی كردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن لەسوریا و سوپای وڵاتەكەش لە حاڵەتی ئامادەباشیدایە.

لەم ئۆپراسیۆنەدا توركیا مشتی لە كۆبانێ و رێگەی نێودەوڵەتی ئێم فۆر و بەشێك لە باكوری منبج گرتووەتەوە، دەیەوێت وەك عەفرین لە 2018، ئەو ناوچانەش كۆنترۆڵ بكات

وێنە: نەخشەی جوڵە سەربازیەكان لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان

هەرچەندە هەریەكە لە ئەمریكا و فەرەنسا و روسیا نیگەرانی خۆیان لە ئاڵۆزیەكان نیشانداوە، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كردەيی بۆ وەستاندنی ئۆپراسیۆنەكانی توركیا لە سوریا و رۆژئاوای كوردستان نەناوە.

لە 2016ەوە تورکیا چوار ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوە بۆ سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان، بەو هۆیەوە، 1500 كیلۆمەتر چوارگۆشەی لە باكووری سوریا كۆنترۆڵكردووە.