"ماڵ هەیە سێ بۆری راکێشاوە"

گوندێکی رواندز داوا لە حکومەت دەکات زێدەڕۆییەکانی سەر ئاوی هاوڵاتیان ببڕێت

فەرهاد حەسەن

دانیشتوانی گوندی ئاکۆیان لە سنووری قەزای رواندز داوا لە فەرمانگەی ئاوی قەزاکە دەکات بێنە گوندەکەیان و هەڵمەتی بڕینی زێدەڕۆی سەر تۆڕەکانی ئاو جێبەجێبکەن.

بەپێی داواکاری گوندەکە، ماوەیە هەڵمەتێکی بڕینی زێدەڕۆیەکانی سەر تۆڕی ئاوی رواندز دەستیپێکردووە، ئەوانیش وەکو خەڵکی گوند داوا دەکەن هەڵمەتەکە بگاتە گوندەکەیان چونکە دەڵێن “زێدەڕۆیەکی ئێکجار زۆر هەیە بە بەڵگە لامانە کە ماڵ هەیە سێ بۆڕی ئاوی راکێشاوە و جیرانەکەشی بەدەست بێئاوی دەناڵێنێت، باس لەوەش دەکەن، کە لە ئێستادا چەندین ماڵ هەیە بێئاون بە تایبەتیش ئەوانەی یەک بۆڕی ئاویان هەیە.

خەڵکی گوندەکە دەڵێن، هەرچەندە ئەمساڵ بارانێکی زۆر باری و ئاوێکی زۆریش لە سەروچاوەی گەلی ئاکۆیان هەیە، بەڵام بەهۆی ئەو زێدەڕۆیەی هەیە خەڵک ناتوانێت لێی سوودمەندبێت و بۆ کاری رۆژانەی سودی لێ وەربگرێت.

ئەوان پەیوەندیان بە رزگار قادر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی رواندز کردووە ئەویش پێی وتوون، داواکارییەکەتان لەجێگەی خۆیەتی، بەڵام ئێمە ناتوانین بەوشێوەیە جێبەجێ بکەین.

بەڕێوەبەری ئاو رێنماییان دەکات کە داواکاری لە رێگەی موختاری گوند بگەیەننە قایمقام و ئینجا دەتوانن کاری لەسەر بکەن.