راوێژکاری دارایی سه‌رۆك وه‌زیران:

ئەو پارانە لە گەندەڵکاران وەرگیراونەتەوە بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنان و پڕۆژەکان بەکاردەهێندرێت

فەرهاد حەسەن

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیران، چارەنووسی ئەو پارانە ئاشکرا دەکات کە لە گەندەڵکاران وەریراوەتەوە و دەڵێت، بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنان و دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەکان خەرج دەکرێت.

مەزهەر محەمەد ساڵح، راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە، ئەو پارانەی لە گەندەڵکاران وەرگیراونەتەوە، داهاتێکی نائاسایی گرنگن و دووبارە نابنەوە، چونکە ناتوانرێت بە شێوەیەکی پێویست و هەمیشەیی لە کاتی داڕشتنی بودجەی گشتیدا پشتیان پێ ببەسترێت، بەڵام سەرچاوەیەکی داهاتی گرنگ پێکدەهێنن لە پلاندانانی داراییدا.

وتیشی “زۆرجار ئەو پارانە بۆ پڕکردنەوەی فەزای کورتهێنان یان دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژەی دیاریکراو بەکاردەهێندرێن، کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی تاکەکانەوە هەیە، یاخود بۆ بەهێزکردنی یەدەگی دارایی وڵات”.

رەتیکردەوە کە ئەو پارانە بۆ بنیاتنانی بودجەی ساڵانە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دارایی درێژخایەندا بەکاربهێندرێن، چونکە دەڵێت، ئەمە بەستراوەتەوە بە سەقف و تواناکانی سیاسەتی دارایی لە ناو چوارچێوەی داڕشتن و جێبەجێکردنی بودجەی گشتیدا.

روونیکردووەتەوە، کە وەرگرتنەوەی پارەکانی گەندەڵی کارێکی گرنگە، چونکە بەفیڕۆدانی دارایی کەمدەکاتەوە، پاڵپشتی گەنجینەی گشتی دەکات و متمانەی هاووڵاتیان، وەبەرهێنەران و کۆمەڵگەی دارایی نێودەوڵەتی بە سیستمی ئابووری وڵات بەهێزتر دەکات”.

راوێژکاری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە “ئەو پارانەی لە گەندەڵکاران وەرگیراونەتەوە، ئامرازێکی پاڵپشتی گرنگن بۆ ئابووری نیشتمانی، بەڵام بە پێویستی وەک جێگرەوەیەکی تەواو بۆ بودجەی گشتی ئەژمار ناکرێن، چونکە ئەمە وەستاوەتە سەر قەبارەی خەرجییە گشتییەکان و سەقفەکانی.