"لەگەڵ عێراقیش بەرەو باشتر دەچین"

ئەحمەد شەرع: جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەمان لەگەڵ کورد سستە بەڵام گەشبینین بە سەرکەوتنی

فەرهاد حەسەن

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتی سوریا دەڵێت، جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ کورد بە سستی بەڕێوەدەچێت بەڵام بێئومێدیش نییە و گەشبینە بە سەرکەوتنی، لەبارەی پەیوەندییەکانیشیان لەگەڵ عێراق دەڵێت “بەرەو باشتر دەچن”.

لە چاوێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ کەناڵی جەزیرە، ئەحمەد شەرع لەبارەی بە دۆخی ناوخۆی سوریا و پەیوەندی لەگەڵ لایەنە کوردییەکان، ئاماژەی بەوە کرد کە “جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ کورد واژۆ کراوە سستیی بەخۆیەوە بینیوە”، بەڵام دووپاتی کردەوە کە حکومەتەکەی هێشتا گرەو لەسەر سەرکەوتنی ئەو رێککەوتنە دەکات و دەیەوێت لە رێگەی دیالۆگەوە بگەنە ئەنجام.

سەبارەت بە پەیوەندیان لەگەڵ عێراق و دۆسیەی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیلیش، رایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و بەغدا گەشەکردن و باشبوونێکی بەرچاو بەخۆیانەوە دەبینن. سەبارەت بە ئیسرائیلیش وتی “دیمەشق هەوڵدەدات لە رێگەی نێوەندگیریی چەند وڵاتێکەوە بگاتە رێکەوتنێکی ئەمنی لەگەڵ ئیسرائیل، کە ببێتە دەروازەیەک بۆ ئاشتییەکی گشتگیر، بەبێ ئەوەی دەستبەرداری مافی سوریا ببین لە بەرزاییەکانی جۆلان”.

جەختیشی کردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت لە پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل دوور بکەوێتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات کە وڵاتەکەی هیچ دەستوەردانێکی سەربازی لە لوبناندا ناکات و پشتیوانیش لەوە دەکات کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی و چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتی لوبناندا بێت”.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاندبوو کە شەرع بە شێوازێکی وردتر لە ئیسرائیلییەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی حزبوڵڵا لە لوبنان دەکات و دەبێتە کارەکتەرێکی سەرەکی بۆ تووندوتۆڵکردنی سنوورەکان.