یاریزانێکی کورد لە تایلەند بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەست دا

+964

کامیار کەمال – پێنجوێن

گەنجێکی کوردی دانیشتووی سەقز کە یاریزانی هونەری جەنگی یاری موای تای بوو لە وڵاتی تایلەند بە رووداوی هاتوچۆ گیانی لەدەستدا.

فەریار ئەمین پوور ناوی ئەو گەنجەیە کە گیانی لەدەستداوە و بە مەبەستی ئەنجامدانی پاڵەوانیەتی چووەتە تایلەند.

پاڵە عەدنان راهێنەری یاری موای تای بە 964ـی راگەیاند، فەریار لە ساڵی 2003 لەدایکبووە و لەسەرەتادا کۆڵبەر بووە و دواتر دەستیکردووە بە یاری هونەری جەنگی موای تای.

وتیشی، لە ساڵی 2023دا چووەتە وڵاتی تایلەند بەمەبەستی ئەنجامدانی راهێنان لە کەمپێکی تایبەت بە یاری موای تای و بەشداری چەند پاڵەوانیەتیەکی کردووە لە تایلەند و سەرکەوتووە بۆ پاڵەوانیەتی “وەن چامپیۆن” کە بەهێزترین پاڵەوانیەتی تایبەت بە موای تایە.

لەبارەی هۆکاری گیان لەدەستدانیەوە، پاڵە عەدنان بە ئاماژەی بەوەکرد، ئەم گەنجە رۆژی چوارشەممە 10.1.2024 لە وڵاتی تایلەند بەرووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە و رووداوەکەش بەوجۆرە بووە کە فەریار ماتۆڕی پێبووە و دوای ئەوەی ماتۆڕەکەی لە کۆنترۆڵ دەرچووە خۆی کێشاوە بە راگری جادەکەدا و گیانی لەدەستداوە و لە ئێستاشدا تەرمەکەی لە تایلەندە و رێکارەکان بۆ هێنانەوەی تەرمەکەی گیراوەتەبەر و دەهێنرێتەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەقز دەنێژرێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی