عێراق بەشدارە
ئەمڕۆ 18ـەهەمین پاڵەوانیەتی جامى نەتەوەکانى ئاسیا دەستپێدەکات
964+
وریا فەتاح
دواى تێپەڕبوونى کەمتر لە ساڵێک کە تێیدا ئەرجەنتین تاجى مۆندیالى لەسەرنا، ئەمجارە وڵاتى قەتەڕ، میواندارى 18ـەهەمین پاڵەوانیتى جامى نەتەوەکانى ئاسیا دەکات.
بڕیارە، کاتژمێر حەوتى ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى، بە یارى نێوان قەتەڕ و لوبنان، یەکەم فیکەى جامى نەتەوەکانى ئاسیا لێبدرێت و رۆژى 10ى شوباتى داهاتوش، ناسنامەى پاڵەوانەکەى دیارى بکرێت.
قەتەڕ سێیەمجارە لە مێژویدا میواندارى پاڵەوانێتییەکە دەکات و تەنها یەک جاریش دەستى بەر جامەکە کەوتووە.
لە پاڵەوانێتییەکەدا 24 تیپ کە نوێنەرایەتى 24 وڵاتى ئاسیا دەکەن، بەشدارن لە پاڵەوانێتییەکەو لەو ژمارەیەش 10 تیپیان هەڵبژاردەى وڵاتە عەرەبییەکانن کە عێراق یەکێکە لەوان.
جامی ئاسیا گرنگترین پاڵەوانێتی تۆپی پێی یەکێتی تۆپی پێی ئاسیایە، ئەم پاڵەوانێتییە هەر چوار ساڵ جارێک ئەنجام دەدرێت و لە ساڵی 1956 لە هۆنگ کۆنگ دەستی پێکردووە.
پێش دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە یەکەمجار پاڵاوتنەکان بەڕێوەدەچن، کە تیپەکان بەپێی سیستمی کۆمەڵەکان و بە دەستهێنانى زۆرترین خاڵ، بۆ پاڵەوانێتییەکە سەردەکەون.
ژاپۆن بە بردنەوەى 4 نازناو، زۆرترین جار بووە بە پاڵەوان و هەریەک لە و سعودییە و ئێرانیش بە سێ جار لە پلەى دووەم دەبینرێن، ئیسرائیلیش یەک جار لە سێیەمین پاڵەوانێتییەکە لە ساڵى 1964 بووە بە پاڵەوان و چیتر بەشدارى تێدا نەکردووەتەوە.
یارییەکان لە هەشت یاریگادا بەڕێوەدەچێن، لەنێویاندا شەش یاریگا كە میوانداری مۆندیالی 2022ی قەتەریان كردووە کە بریتین لە یاریگاكانی “جنوب،بەیت،ئەحمەد بن عەلی، 2020. تەمانا، تەعلیمی، خەلیفەی نێودەوڵەتی، وێڕای یاریگاكانی جاسم بن حەمەد و عەبدوڵڵا بن خەلیفە.