"دەڵێن غاز گرانە"

قایمقامی کۆیە: ناتوانین لە بازاڕی ئازاددا دەستکاری نرخ بکەین


ئەحمەد مستەفا

لە ژمارەیەک تۆڕی کۆمەڵایەتی کۆیە دانیشتووانی قەزاکە دەڵێن، تەنیا لە کۆیە غازی LPG لە سەرجەم ناوچەکانی دیکە گرانترە، قایمقام ئەوە رەتناکاتەوە و دەڵێت، “تەنیا دەتوانین چاودێری کوالێتی بکەین نەک نرخ”.

دەرباز جەلیزادە، یەکێکە لە دانیشتووانی کۆیە و نووسیویەتی، “بۆ قایمقامی کۆیە و لیژنەی سووتەمەنی، هۆکار چییە غازی LPGی ئۆتۆمبێل لە شاری کۆیە، نزیکەی 100 دینار بۆ هەرلیترێک گرانترە لە تەواوی شارەکانی کوردستان، هەروەک 430 دینار بۆ هەر لیترێک لە هەر 15 پارێزگاکەی عێراق گرانترە، ئەمە غەدرە”.

بە گوێرەی سۆراغی 964، لیترێک غازی LPG لە کۆیە بە 635 دینار دەفرۆشرێت، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11.1.2024 تاریق حەیدەری، قایمقامی کۆیە ئەوەی بە 964 وت، “لە سێ کارگەی حکومی و پێنج کۆمپانیای بازرگانییەوە غاز بۆ سنووری قەزای کۆیە دابین دەکرێت، ئەوەی حکومەت دەیفرۆشێ بە 560 دینارە، نرخی بازرگانی گرانترە و ئێمە ناتوانین نرخی لەسەر دابنێین، بەڵکو دەبێت لەگەڵ نرخ رەچاوی کوالێتیش بکرێ”.

ئەو وتی، “لیژنەکانیان بەردەوام بەدوداچوون بۆ کوالێتی دەکەن، تەنیا ساڵی رابردوو 2023 نزیکەی 90 ملیۆن دینار سزای کارگە و بەنزیخانەکانیان داوە، بەهۆی سەرپێچی و دابەزاندنی کوالێتییەوە، رۆژانەش وەک هاوکاری جگە لە غازی ئۆتۆمبێل لە دوو بەنزیخانەش بەنزینی 750 دیناری دابەش دەکەین و زیاتر لە ژمارەی پێویستی دانیشتووانمان پێدەگات”.