نەمامگەی سەرچنار لە سلێمانی - وێنە: دارستان و پاوانی سلێمانی
خولیان بۆ دەکرێتەوە
هاوکاریی دەرچووانی کشتوکاڵ دەکرێت نەمامگە دابنێن
964+
پێشەوا محەمەد
لە شاری سلێمانی خول بۆ 30 دەرچووی کشتوکاڵ دەکرێتەوە تا توانای دانان و بەڕێوەبەردنی نەمامگەیان هەبێت و بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی دەڵێت، هەوڵەکە بۆ زیادکردنی سەوزاییە.
خوڵکە لە لایەن دارستان و پاوانی سلێمانی بە هاوکاریی بەرنامەی خۆراکی جیهانی WFP بەڕێوەدەبرێت.
تارق حەمەغەریب، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی بۆ 964ـی روونکردەوە، لقی سلێمانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە ساڵی رابردووەوە هەماهەنگیی لەگەڵمان هەیە بۆ زیادکردنی رێژەی نەمام و سەوزایی.
وتیشی، “ئێستا بەرهەمی نەمامگەی سەرچنار بە هاوکاریی ئەوان لە ملیۆنێک و 200 هەزار نەمامی ساڵانەیە و بەرەو ملیۆنێک و 500 هەزار نەمام هەنگاو دەنێت”.
نەمامگەی سەرچنار سەرچاوەی بەرهەمهێنانی نەمامە بۆ سەوزکردنی ناوشاری سلێمانی و پێویستی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەکان بە نەمام.
“ئەو دەرچووانە دەبەینە نامگەکان و خولیان بۆ دەکرێتەوە و دواتریش بۆ دانانی نەمامگە هاوکارییان دەکرێت”، ئەوەش قسەی تارق حەمەغەریبە.