شارۆچکەی دووزخورماتو. وێنە :964
منداڵەکان ناتوانن قسە بکەن
دوو شوانکار و منداڵەکانیان لە دوزخورماتوو رفێنران
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو.
دوو شوانکار و منداڵەکانیان لە نزیک گوندى خەشامنەى سنورى خورماتوو بێسەروشوێن بوون، هەرچەند دواتر منداڵەکان ئازادکران، بەڵام دوو شوانکارەکە تائێستا بێسەروشوێنن.
عەمید حوسێن عەلی، بەڕیوەبەری پۆلیسی گشتی دوزخورماتوو بە 964ـی وت،” درەنگانێکی ئێوارەی دوێنی دووشەممە، لە کاتی گەڕانەوەی شوانکارەکان بەرەو ماڵەوە لەگوندی خەشامنەی سنوری خورماتوو بێسەروشوێن دەبن، پاش چەند کاتژمێرێک، مەڕوماڵات و منداڵان ئازادکراون، بەڵام هەردوو شوانکارەکە تائێستا بێ سەروشوێنن”.
شوانکارەکان خەڵکى گوندى خەشامنەن، وەک بەڕێوەبەرى پۆلیس ئاماژەى پێکردووە، دوو منداڵەکە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 13 ساڵانن، دواى ئازادکردنیان شۆک بوون و ناتوانن قسە بکەن.
“شوانکارەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون، سەرجەم هێزەئەمنییەکانیش چونەتە ناوچەکە بۆ پشکنینی سنورەکەو دۆزینەوەی ئەو چەکدارانەو ئازادکردنی شوانکارەکان”، عەمید حوسێن واى بە 964 وت.
گوندی خەشامنە بەدوری 14 کیلۆ مەتر دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای قەزای دوزخوماتوو، بەڵام ماوەیەکە چەکدارانی داعش لەسنوری کەرکوک و داقوق دوزخورماتوو، جموجوڵەکانیان رووی لەزیادبوون کردووە.
پێداچوونەوە – وریا فەتاح