"بەنزینەکە بە زەرەر دەفرۆشین"

سوپەر و موحەسەن لە هەولێر هەرزان بوون؛ بەنزین لە هەندێک شوێن نەما

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم بۆ دابەزاندنی نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەن، زۆربەی بەنزینخانەکانی هەولێر نرخەکەیان جێگیر کردووە و هەندێکیشیان بەنزینیان لێ بڕاوە.

بەپێی بڕیارەکەی حکومەت هەر لیترێک بەنزینی سوپەر بە 1200 دینار و موحەسەنیش بە 1000 دینارە، جەنگی مەجید لە ئەنجومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر بە 964ـی وت، ئەو بەنزینەی لەئیستادا لە بەنزینخانەکان دابەش دەکرێت، هەر بەنزینە کۆنەکەیە و هێشتا بەنزینی تازەیان بەدەست نەگەیشتووە”.

بەشێک لە خاوەن بەنزینخانەکان دەڵێن، لەئێستادا زەرەریانە، چونکە بەنزینەکەیان بەگران کڕیوە و ئێستا بە هەرزان دەیفرۆشن، بۆ دوو رۆژی دیکەش بەنزینیان هەیە، ئیدی چاوەڕێ دەکەن تاوەکو رۆژی شەممە بەنزین بەنرخی تازە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان وەربگرن.

هەر لەوبارەیەوە سالار محەمەد سەرپەرشتیاری لیژنەی چاودێری لە وزارەتی سامانە سروشتییەکان بە 964ـی وت، بەردەوام چاودێری بەنزینخانەکان دەکەن و دەگەڕێن بەسەریاندا، هەر کەس و لایەنێک پابەندی بڕیارەکەی حکومەت نەبێ، لێی خۆش نابن و سزای دەدەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری