ئاسیاسێڵ سیمکارتی ئەلیکترۆنی کارا دەکات

964+

هێمن بەکر – هەولێر

کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق، خزمەتگوزاریی (eSIM) کارا دەکات، کە بەهۆیەوە دەتوانرێت، بەبێ سیمکارت تەلەفۆن بکرێت.

خزمەتگوزاریی (eSIM) بریتیە لە سیمکارت بەشێوەی ئەلیکترۆنی، واتە سیمکارتەکە دەبێتە کۆد، نەک تەنێک کە شوێن بگرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، کە لە بواری خزمەتگوزاریی پەیوەندیی و ئینتەرنێت کار دەکات، رایگەیاند، (eSIM)بۆ سەرجەم ئەو ئامێرانە دابیندەکات کە پشتگیریی ئەو تەکنۆلۆژیایە دەکەن.

بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیایە، بەشداربووانی ئەو هێڵە دەتوانن سیمکارتێکی دیکە لەسەر مۆبایلەکانیان بەکاربهێنن.

ئاسیاسێڵ دەڵێت، لە ئێستادا تەنیا لە بەغدا ئەو خزمەتگوزارییە دەستی پێکردووە، بەڵام بەمزوانە لە سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بەردەست دەبێت.

بەشداربوو دەبێت سەردانی یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی فرۆشتنی ئاسیاسێڵ بکات تاوەکو لەوێ، سیمکارتەکەی بۆ بکەن بە ئەلیکترۆنی.