ریال مه‌درید له‌ به‌ده‌ستهێنانی گه‌وهه‌ره‌كه‌ی ئینگلته‌را نزیكه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی متمانەی بەخۆی هەیە جود بێلینگهامی ئه‌ستێره‌ی یانه‌ی بۆروسیا دۆرتموند و هه‌ڵبژارده‌ی ئینگلته‌را بگوازێته‌وه‌ ریزه‌كانی، كه‌ چه‌ند یانه‌یه‌كی ئینگلته‌را پێشبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی ده‌كه‌ن.

بێلینگهامی ئەستێرە لاوه‌كه‌ی بۆروسیا دۆرتموندی ئه‌ڵمانی، كه‌ به‌ گه‌وهه‌ری ئینگلته‌را ناوزه‌د كراوه‌، تەمەنی 19 ساڵه‌ و چه‌ند یانه‌یه‌كی ئینگلیزی پلانیان هه‌یه‌ گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن، له‌وانه‌ مانچێستەر یونایتد، مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول و چێڵسی.

یانه‌ی دۆرتموند داوای نزیکەی 130 ملیۆن پاوه‌ند دەکات بۆ ده‌ستبه‌رداربوون له‌ یاریزانه‌كه‌ی، كه‌ گرێبەستی ئێستای له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ تا ساڵی 2025 واژوو كراوه‌.

رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5ـی كانوونی دووه‌م بڵاوی کردەوە، یانەی ریال مەدرید هانی یاریزانەکەی دۆرتموندی داوه‌، پەیوەندییان پێوە بکات، ئه‌وه‌شیان بۆ روونكردووه‌ته‌وه‌، یانه‌ی ریال مه‌درید “باشترین شوێنە بۆ بەهرەمەندە گەنجەکان لە ئەوروپا”.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، یانەی شاهان متمانەی بە به‌ده‌ستهێنانی بێلینگهام هەیە، چونكه‌ توانای کڕینی یاریزانه‌كه‌ی له‌ یانەکانی پرێمەرلیگ باشترە.

ریال مەدرید، وەرزی رابردوو نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، كه‌ ژمارەیەک یاریزانی لاو رۆڵی سەرەکییان تێدابینی، وەک ڤینیسیۆس جونیۆر، ئێدواردۆ کاماڤینگا، فێدریکۆ ڤالڤێردی، ئیدێر میلیتاو، رۆدریگۆ گۆس، هاوینی رابردووش توانی ئۆریلیان چوامینیی یاریزانی لاوی فەرەنسیش بباته‌ ریزه‌كانییه‌وه‌.

هه‌روه‌ها پاڵه‌وانی ئیسپانیا، گرێبه‌ستی له‌گه‌ڵ ئیندریکی تەمەن 16 ساڵانی بەڕازیلییش كردووه‌، كه‌ بڕیاره‌ لە ساڵی 2024 په‌یوه‌ندیی به‌ یانه‌كه‌وه‌ بكات.