نۆرینگەبڕەکەی کەلار دەستگیرکرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
پۆلیسی قەزای کەلار پیاوێکی دەستگیرکردووە، بە تۆمەتی دزینی شەش ملیۆن دینار لە نۆرینگەیەکی پزیشکی.
پۆلیس دەڵێت، لە رێگەی کامێرای چاودێرییەوە توانیویانە تۆمەتبارەکە بناسنەوە و دەستگیری بکەن.
تۆمەتبارەکە رۆژی 2ی ئەم مانگە دزییەکەی کردووە لەو نۆرینگەیە لە بازاڕی کەلار.
موقەدەم عەلی جەمال قدووری، وتەبێژی پۆلیسی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە 964+ی وت “دوای لێکۆڵینەوە، تۆمەتبار دانی پێدا نا کە بڕی شەش ملیون دیناری لە نۆرینگەکە دزیوە، هەروەها لە چوار نۆرینگە و تاقیگەی دیکە لە گەڕەکەکانی سیروان، شەهیدان و فەرمانبەران دزیکردووە”.
ئەو دەڵێت، تۆمەتبارەکە هاوکات دانی ناوە بەوەی کە دزی لە سندووقی هاوکاریی نەخۆشخانەی هیوا کردووە، کە تایبەتە بە توشبووانی شێرپەنجە.
وتەبێژەکەی پۆلیسی گەرمیان باسی لەوەشکرد، کە تۆمەتبار بۆ شاردنەوەی خۆی لە کامێراکان، قژی دەستکردی بەکارهێناوە و بە چەند جۆرێک شێوەی خۆی گۆڕیوە و پێشتریش بە تۆمەتی دزیکردن سێ ساڵ زیندانیکراوە.
تۆمەتبارەکە لەدایکبوویی 1977ـە، دانیشتووی ناحیەی رزگارییە لە سنووری قەزای کەلار، و ئێستا بەپێی ماددەی 446 بەندکراوە.