گوندی گەڵاڵە - وێنە: پەیجی گوندی گەڵاڵە
فڕۆکەی جەنگی بۆردوومانەکەی کردووە
ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە تەنیا یەک کیلۆمەتر لە گوندی گەڵاڵە دوورە
964+
فەهمی نەبی
ئێوارەی ئەمڕۆ فڕۆکەی جەنگی، نزیک گوندی گەڵاڵەی قەزای ماوەتیان بۆردوومان کردووە و بەو هۆیەوە کاریگەری بەرزبوونەوەی بەرد و چەوی بۆردوومانەکە گەیشتووەتە ناو گوندەکە.
کامەران حەسەن، قایمقامی قەزای ماوەت بۆ 964 قسەی کردووە دەڵێت، ئەو شوێنەی بۆردوومان کراوە، تەنیا یەک کیلۆمەتر لە گوندی گەڵاڵەوە دوورە پێی دەوترێت “زیونۆ”، بەهۆی بۆردوومانەکەوە بەردو چەوێکی زۆر رژاوە بەسەر گوندی گەڵاڵە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.
“بۆردوومانەکە بە فڕۆکەی جەنگی بووە و بە درۆن نەبووە، ئەو شوێنە بەشێکە لە شاخی ئاسۆس، ئەو ناوچەیە چەکدارانی پارتی کرێکارانی لێیە” کامەران حەسەن وای وت.
ئەم بۆردوومانە لەکاتێکدایە، ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 5:14 ئێوارەی ئەمڕۆ، فڕۆکە بۆردومانی چیایی جاسووسانی کرد لە پشت گوندی زێوکە لەسنووری پشدەر.