ژمارەیەک کوژراوی فەڵەستنی لە غەزە. فۆتۆ: ئاژانسە جیهانییەکان.
90 رۆژ بەسەر جەنگەکەدا تێدەپەڕێ
لە هەر رۆژێکدا 250 فەڵەستینى کوژراون
964+
وریا فەتاح
90 رۆژ بەسەر دەستپێکى شەڕى ئیسرایل و حەماسدا تێدەپەڕێت و لەو رۆژەوە تائێستا 22 هەزار و 50 فەڵەستینى کوژراون کە دەکاتە زیاتر لە 250 کوژراو بۆ هەر رۆژێک.
ئەشرەف قودرا، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەزە رایگەیاند، لە سەرەتای دەستدرێژییەکەوە تا ئەمڕۆ، 22 هەزار و 500 فەڵەستینى کوژراون و زیاتر لە 57 هەزار و 600 کەسیش بریندار بوون.
بەپێى قسەى ئەشرەف، 70%ى کوژرا و بریندارەکان، ژن و منداڵن.
بەپێى ئامارەکانى تەندروستى فەڵەستین، لەناو کوژراوەکاندا 326 کارمەند و پزیشک بونیان هەیە و 121 ئەمبوڵانسیش لەناوبراون و 150 دامەزراوەى تەندروستى و 30 نەخۆشخانە و 53 بنکەى تەندروستى بە ئامانجگیراون و ژمارەیەکیان پێشکەشکردنى خزمەتگوزارى تێیاندا وەستاون.
وتەبێژى تەندروستى فەڵەستین هۆشدارى دەدات، ئاوارەبونى یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس لە دانیشتوانى غەزە، ئەگەرى بڵاوبونەوەى پەتا و نەخۆشییە درومییەکان و برسێتى، زیاد دەکات.
رۆژى حەوتى ئۆکتۆبەرى 2023، چەکدارانى حەماس لە ئاسمان و زەوییەوە هێرشییان کردە سەر ئیسرائیل و ژمارەیەکى زۆر هاوڵاتى ئیسرائیلیان کوشت، لە وڵامدا و رۆژى نۆى ئۆکتۆبەر، سوپاى ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنى بۆسەر غەززە دەستپێکرد و دواى رووخان و خاپوربوونى بەشى زۆرى غەززە، تائێستاش هێرشەکان بەردەوامییان هەیە.