چی نوێ لەسەر تەقینەوەکە هەیە؟

ئەمشەو لە کرمان 111 نەشتەرگەری کراوە

964+

ئەحمەد مستەفا

ئاماری کوژراو و بریندارانی تەقینەوەکەی کرمان هێشتا ساغ نەبووەتەوە، جارێک دەڵێن 103 دواتر بوو بە 95، ئێستاش دەوترێت 84 کەس.

وەزیری ناوخۆی ئێران، سەردانی بریندارانی رووداوەکەی کرمانی کرد، تەنیا شەوی رابردوو 111 نەشتەرگەرییان بۆ کراوە، بە قسەی ئەو بێت، “تا ئێستا 84 کەس لە ئەنجامی دوو تەقینەوەکە گیانیان لەدەستداوە”.

ئەرکی پاراستنی کرمان بە دەزگاکانی ئاسایش و ئیتلاعات سپێردراوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 4.1.2024، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە نەخۆشخانەوە بە دەربڕینی ئەوەی کە هەموو شتێک لە کرمان ئاسایی و ئارامە و رووداوەکەی کرمانیش لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، وتی، “رووداوەکە قووڵایی خراپەی دوژمن دەردەخات”.

تەنیا شەوی رابردوو لە کرمان، 111 نەشتەرگەری بۆ بریندارانی تەقینەوەکە ئەنجامدراوە، وەزیری ناوخۆی ئێران وتی، “بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن پزیشکی دادوەرییەوە راگەیەندراوە، ژمارەی شەهیدەکانمان 84 شەهید و 284 بریندارە، بێگومان ژمارەیەک لە بریندارەکان هێشتا لە ژێر جاودێری چڕدان “.

پێشتر، ئاژانسە ئێرانییەکان رایانگەیاند کە ژمارەی کوژراوەکان گەیشتووەتە 103 کوژراوو 188 بریندار، بەڵام دواتر وەزیری تەندروستی ئێران رایگەیاند 95 کەس کوژراون، وتی ”ژمارەکەی پێشوو هەڵە بوو، چونکە ناوی هەندێ لە کوژراوو بریندارەکان دووجار نوسراوبوون”، دوای ئەوە وەزیری ناوخۆ ئەو ژمارەیەشی کەمتر کردەوە.

دوێنێ خەڵکێکی زۆر لە شاری کرمانی ئێران چوبوونە سەر گۆڕەکەی قاسم سولەیمانی و یادی چوار ساڵەی کوژرانیان کردەوە، لەوێ دوو تەقینەوە روویدا.

قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە کاریگەرترین فەرماندە ئێرانییەکان بوو، لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن قسە رۆیشتوو بوو،  لەگەڵ مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی درۆنی ئەمریکی شەوی 3ی کانوونی دووەمی 2020 کوژرا، کاتێک تەرمەکەی برایەوە بۆ ئێران، لەشاری کرمان سەدان هەزار کەس چوون بۆ بەخاکسپاردنی، دەوترا تەنانەت لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی خومەینیش قەرەباڵغتربووە، هەر بەهۆی ئەو قەرەباڵغییەوە ئەوکات 59 کەس گیانیان لەدەستداو 213 کەس بریندار بوون.

وردەکاری تەقینەوەکانی ئێران

وردەکاری تەقینەوەکانی ئێران