''دانیشتووەکان سەلامەت بوون و ئەوانەی بە پێوە بوون تیاچوون''
وردەکاری تەقینەوەکانی ئێران
964+
ژووری هەواڵ
وردە وردە سەرەداوی زیاتر لەبارەی تەقینەوەکانی شاری کرمانەوە بڵاودەبێتەوە، ئەوانەی چوون یادی قاسم سولەیمانی بکەنەوە، دوو تەقینەوەی گەورە روویاندا، تائێستا 103 کەس کوژراون و 211 بریندارن.
تەقینەوەی یەکەم کاتژمێر 2:50 خولەکی پاش نیوەڕۆ روویداوەو نیو کاتژمێری نەخایاندووە، بە دیاریکراوی کاتژمێر 3:17 خولەک تەقینەوەی دووەم بووە، ئەم زانیاریانە ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە.
بەرپرسانی ئێران زانیاری نادرکێنین، بەڵام وەزیری ناوخۆ وتوویەتی ”دەزانین کێ تەقینەوەکەی ئەنجامداوە، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە”.
هەندێ لەمیدیاکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران گومانیان بە جۆری تەقینەوەکە بردووە، چونکە دەڵێن ”زۆربەی کوژراوەکان پارچە بەر سەریان کەوتووە”.
شایەتحاڵێک بە ئاژانسی (ISNA)ی ئێرانی وتووە ”ئەوانەی بە پێوەبوون زۆریان کوژران یان بریندار بوون، ئەوانەی دانیشتبوون سەلامەتن”.
تەقینەوەی یەکەم تەنیا 700 مەتر لە گۆڕەکەی قاسم سولەیمانییەوە دوور بوو، ئەوەی دووەمیان 1000 مەتر، بەپرسانی ئێران دەڵێن هەردوو تەقینەوەکە بۆمب بووەو لەدوورەوە تەقێندراونەتەوە.
هەموو ئەو خەڵکەی لەوێ بوون یادی چوار ساڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانییان دەکردەوە.
قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە کاریگەرترین فەرماندە ئێرانییەکان بوو، لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن قسە رۆیشتوو بوو، لەگەڵ مەهدی موهەندیس لە هێرشێکی درۆنی ئەمریکی شەوی 3ی کانوونی دووەمی 2020 کوژرا، کاتێک تەرمەکەی برایەوە بۆ ئێران، لەشاری کرمان سەدان هەزار کەس چوون بۆ بەخاکسپاردنی، دەوترا تەنانەت لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی خومەینیش قەرەباڵغتربووە، هەر بەهۆی ئەو قەرەباڵغییەوە ئەوکات 59 کەس گیانیان لەدەستداو 213 کەس بریندار بوون.