لە شەتولعەرەب
بۆ یەکەمجار ئێران و عێراق مانۆڕی سەربازی دەریایی ئەنجامدەدەن
964+
ژووری هەواڵ
هێزى دەریایی عێراق و ئێران، رۆژى چوارشەممە لە رێڕەوى شەتولعەرەب و لەنێوان هەردوو پارێزگاى بەسرە و ئابادان، یەکەم مانۆڕى دەریایی ئەنجامدەدەن.
میدیاکانى ئێران بڵاویانکردووەتەوە، مانۆڕەکە بەبۆنەى ساڵیادى گیانلەدەستدانى قاسم سولەیمانى و ئەبومەهدى موهەندیسە، کە لە سێى کانوونى دووەمى ساڵى 2020 لە لە بۆردومانێکى ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى بەغداد کرانە ئامانج.
بە گوێرەى زانیارییەکان، بە ئامادەبوونى ژەنراڵ مەهدى هاشمى، فەرماندەى ناوچەى دەریایی سێ لە سوپاى پاسداران و ئیحسان عەباسپور حاکمى شارى ئابادان و بەرێوەبەرانى جێبەجێکار و بەرپرسانى سەربازى و ئەمنى پارێزگاکە کۆبوونەوەیەک لەبارەى ئامادەکارییەکانە مانۆڕەکە بەرێوەچووە.
رونیشیکردووەتەوە، کەسانى نیشتەجێى سەر سنورى هەردوو وڵات و هێزە سەربازییەکان و میدیاکان بانگهێشتى مانۆڕەکە کراون.
عێراق و ئێران لە ساڵى 1980 تا 1988 لەجەنگدا بوون، یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانى جەنگەکە هەمان ئەو ناوچەیە بوو کە مانۆڕە هاوبەشەکە تێدا دەکرێت.