شارەوانی سلێمانی چاڵی شەقامەکان پینە دەکات
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
شارەوانیی سلێمانی چاڵی شەقامەکان پڕ دەکاتەوە، دەڵێن ساڵانە ئەو کارە دەکەن.
کارەکە لە لایەن تیمێکی قیرتاوکردنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییەوە بە ئەنجام دەگەیەندرێت.
پڕکردنەوەی چاڵی شەقامەکان، لە هەولێر پێی دەڵێن پینە کردنەوەی شەقامەکان، بە تایبەت بۆ ئەو شەقامانەی کە قیڕەکەی کەڵکی نەماوەو پێویست بە دووبارە قیرتاوکردنی شەقامەکە دەکات.
زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بە 964+ـی راگەیاند: هەموو ساڵێک لە وەرزی زستان شارەوانی سلێمانی ئەو کارە دەکات و چاڵی سەرجەم شەقامە گشتییەکان پڕ دەکرێنەوە.
دەشڵێت: کارەکە بۆ سەلامەتیی زیاترە، چونکە لە زستاندا چاڵەکان پڕ دەبن لە ئاو و شۆفێر نایانبێنێت و رەنگە ئەگەر بکەونە ناوییەوە رووداوی نەخوازراو روو بدات.
964+ دەزانێت کارەکە بە بەکارهێنانی قیری سارد ئەنجام دەدرێت.
“ئەو چاڵی شەقامانە بە شێوەی کاتی چارەسەر دەکرێن، چونکە بەشێکیان دواتر وەک و خۆیان لێ دێتەوە، ئەگەر چارەسەری تەواو بکرێن دەبێت ئەو قیرە لا ببرێت و زەویی ژێر قیرەکە دەستکاری بکرێت و دواتر قیر بکرێتەوە”، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی سلێمانی وای وت.