لە کەرکوک و نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین
کورد چەند کورسى بەدەستهێناوە؟
964+
وریا فەتاح
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى راگەیاند و بەپێى ئەنجامەکان دەردەکەوێت، کورد لە هەریەک لە پارێزگاکانى (کەرکوک، نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە)، 14 کورسى بەدەست هێناوە.
لە کەرکوک، لەکۆى 15 کورسى لەگەڵ کورسییەکى کۆتا، کورد توانیویەتى بە 242 هەزار و 716 دەنگ، حەوت کورسى ئەنجومەنەکە ببیاتەوە، بەم شێوەیە:
هاوپەیمانى کەرکوک هێزو ئیرادەمانە: 157 هەزار و 649 دەنگ، پێنج کورسى.
پارتى دیموکراتى کوردستان: 52 هەزار و 278 دەنگ، دوو کورسى.
نەوەى نوێ: 25 هەزار و 910 جەنگ، کورسى نەبردووە.
هاوپەیمانى مەشخەڵانى کەرکوک: شەش هەزار و 79 دەنگ، کورسى نەبردووە.
لە پارێزگاى نەینەوا، لە کۆى 25 کورسى لەگەڵ سێ کورسى کۆتا، کورد بە 191 هەزار و 658 دەنگ، توانیویەتى شەش کورسى ببیاتەوە بەم شێوەیە:
پارتى دیموکراتى کوردستان: 141 هەزار و 52 دەنگ، چوار کورسى.
هاوپەیمانى خەڵکى نەینەوا: 50 هەزار و 606 دەنگ، دوو کورسى.
لە پارێزگاى دیالە، لە کۆى 15 کورسى، کورد بە 36 هەزار و 861 دەنگ،تەنیا یەک کورسى بەدەستهێناوە، بەمشێوەیە:
یەکێتى نیشتمانى کوردستان:28 هەزار و 648 دەنگ، یەک کورسى.
پارتى دیموکراتى کوردستان: حەوت هەزار و 790 دەنگ، کورسى نەبردووە.
پارتى سۆشیالستى دیموکراتى کوردستان: 423 دەنگ، کورسى نەبردووە.
هەرچى پارێزگاى سەڵاحەدینە، کورد نەیتوانیوە کورسى بباتەوە.
بەم شیکارییە دەردەکەوێت، لەکۆى 74 کورسى ئەنجومەنى پارێزگاکانى (کەرکوک، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین)، کە چوار کورسیان کۆتان، کورد توانیویەتى بە 471 هەزار و 235 دەنگ، 14 کورسى ببیاتەوە.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە 18.12.2023 لە 15 پارێزگای عێراق بەبێ هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لایەنەکان دەتوانن تانە لە ئەنجامی کۆتایی بدەن.