دوو بارهەڵگر بوون

لە ناو بارە پەتاتەدا خوێ و پیازی قاچاخ دەستیبەسەردا گیرا

964+
ئەحمەد مستەفا

لە ناو دوو بارە پەتاتەدا، 21 تۆن خوێی یۆریا و 14 تۆن پیاز لەلایەن ئیدارەی گومرگی گشتی باشماخ لە مەریوان دەستیبەسەردا گیرا.

دوو بارهەڵگر کە پەتاتەیان دەگواستەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، خوێ و پیازەکەیان بارکرد بوو.

بەوتەی پێگەی هەواڵی مەریوان نیوز بێت کە لە زاری بەرپرسانی دەروازەی باشماخەوە بڵاویکردووەتەوە، کارمەندانی بەشی گومرگ، بە چاودێریکردنی زانیارییەکان و پشکنینی بارهەڵگرەکانی هەناردەکردن لەناو ناوچەی تێرمیناڵی سنووری بە بارە قاچاغەکەیان زانیوە.

پێگەکەکە دەڵێت، ئەو پیازەی لە دەرەوە دەهێنرێتە ناو رۆژهەڵاتی کوردستان باجی 100% گومرگی دەخرێتە سەر و هەروەها خوێی یۆریاش قەدەغەیە، بۆیە ویستراوە بە قاچاغ هەوڵی دەربازکردنی بدرێ.

"جوڵەی بازرگانی لە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان کەمی کردووە"