لەم رۆژانە جێبەجێ دەکرێت

جێبەجێکردنی رێککەوتنێکی نێوان عێراق و تورکیا نرخی دۆلار دادەبەزێنێت

فەهمی نەبی

بەگوێرەی لێدوانێکی سەرۆکی بانکە ئەهلیەکانی عێراق بێت کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی قسەیکردووە، لەم رۆژانە رێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا لەبارەی هاوردەکردنی کاڵا لە تورکیاوە بە پارەی عێراقی دەچێتە بواری جێبەجێکردن و بەمەش نرخی دۆلار دادەبەزێت.

رۆژی 2.12.2023 بانکی ناوەندی عێراق رێککەوتنێکی نێوان عێراق و تورکیای راگەیاند، بەپێی رێککەوتنەکە بێت، هەموو مامەڵە بازرگانییە تاکەکەسی و بازرگانییە بچوکەکان، دەتوانن لە بانکەکانی ناوخۆ دیناری عێراقی دادەنێن و لە تورکیا بە لیرە یان یۆرۆ کاڵا و شتومەکەکانیان بکڕن و هەناردەی عێراقی بکەنەوە.

وەدیع حەنزەل سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق رایگەیاندووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەو رێککەوتنە بەتەواوی دەچێتە بواری جێبەجێکردن و هەموو بازرگانان دەتوانن پارەی هاوردەکردن بە دیناری عێراقی دابین بکەن.

بەوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق، ئەم هەنگاوە وا دەکات نرخی دۆلار لە بازاڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت.

چەند رۆژێکە نرخی دۆلار لەبازاڕەکانی گۆڕینەوەی دراو روو لە دابەزینە، ئەمڕۆ دووشەممە لەکاتی کردنەوەی بۆرسەی دۆلار، لە هەولێر نرخی 100 دۆلار بە 149 هەزار و 600 دینارە و لە سلێمانی بە 150 هەزار دینارە.