چەند دکتۆرێک لە باکوری کوردستانەوە هاتوون
نەشتەرگەری “لە زاوزێ خستن” بۆ سەگەکانی شەڵتەری هەولێر دەکرێت
964+
فەهمی نەبی
تیمێک لە باکوری کوردستانەوە هاتوون و نەشتەرگەری بۆ سەگەکانی شەڵتەری هەولێر دەکەن و لە زاوزێیان دەخەن.
ئەو تیمە ئەمڕۆ شەممە دەستیانکردووە بە نەشتەرگەری بۆ سەگەکان، وەک بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر دەڵێت دەستیان زۆر خێرایە.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر بۆ 964 قسەیکردووە دەڵێت، “ماوەیەک لەمەوبەر هونەرمەند “رۆژین” پەیوەندی کرد و وتی بۆ شەڵتەری هەولێر چیتان پێویستە بۆتان بکەم، دوای ئەوەی کۆبونەوەیەکمان لەگەڵی ئەنجامدا و سەرنجمان ئەوەبوو دکتۆرەکانمان بە خاوی پرۆسەی نەشتەرگەری لە زاوزێ خستن ئەنجام دەدەن، ئەو بڕیاریدا ئەو تیمە بانگهێشت بکات و ئەوان بەشێوەیەکی خۆبەخشی ئەو کارە دەکەن”.
ئەو تیمە خۆبەخشە وڵاتەکان دەگەڕێن بۆ بەخشینی هاوکاری بەو ئاژەڵانەی بێ لانەن، لەهەولێر چوار رۆژ دەمێننەوە و پارێزگاری هەولێر شوێنی مانەوەی بۆ دابینکردوون، ژیار جەلال دەڵێت، هونەرمەند رۆژین تیمەکەی هێناوە و لەسەر ئەرکی خۆی دەرمانی بۆ کڕیون.
ئەو دکتۆرانە چ جۆرە نەشتەرگەریەک دەکەن؟
بەوتەی بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگە پارێزی هەولێر، هەموو سەگێکی نێر و مێ لە شەڵتەری هەولێر پێویستی بە نەشتەرگەری لە زاوزێ خستنە، ئەو دکتۆرانەی ڤێرتەرنەری باکوری کوردستان بەتەکنیکێکی خێرا نەشتەرگەریەکان دەکەن، لەگەڵ ئەوەدا دکتۆرەکانی شەڵتەرەکەش فێری ئەو تەکنیکە دەکەن، نەشتەرگەری سەگی نێر یەک خولەک تا دوو خولەکی پێ دەچێت، نەشتەرگەری سەگی مێ چوار بۆ شەش خولەکی پێدەچێت.
ژیار جەلال دەڵێت، پرۆسەکە هەر لە زاوزێ خستن نییە، بەڵکو ئەڵقە لە گوێی سەگەکان دەکرێت و دەرزی دژە هاری و ڤاکسینیان لی دەدرێت، دوای ئەم پرۆسەیە سەگەکە لەدۆخی %100ی پارێزراوی دەبێت.
رۆژی 8.7.2023 پرۆسەی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر دەستیپێکرد، تا دوو هەفتە لەمەوەبەر زیاتر لە دوو هەزار سەگی بێلانە لەو شەڵتەرە کۆکراونەتەوە.