لە ساڵی نوێوە

شەستیەکەی سلێمانی فراوان دەکرێت

دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی

هاتوچۆی سلێمانی پڕۆژەیەکی ئامادەکردووە بە مەبەستی فراوانکردنی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود (شەقامی 60 مەتری) سلێمانی، ئاسانکاری زیاتر بۆ شۆفێران دەکات و رێگری لە قۆرخکاری دەگیرێت.

عەقید بەهمەن ئەحمەد بەڕێوەبەری هاتوچۆی ناوشار – رۆژئاوا بە 964ـی وت، پڕۆژەیەکیان ئامادەکردوە بۆ لابردنی شەقامی خزمەتگوزاری لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود.

لەوبارەیەوە باسی لەوەکرد، هۆکاری لابردنی شەقامی خزمەتگوزاری بۆ فراوانکردنی زیاتری شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمودە.

وتیشی، لە ساڵی نوێدا پڕۆژەکە دەدرێتە شارەوانی سلێمانی، بۆ ئەوەی شۆستەی نێوان شەقامە خزمەتگوزاریەکە و شەقامە سەرەکیەکە لاببرێت.

عەقید بەهمەن وتی، “هەندێک هۆتێل و رێستۆرانت و باڵەخانە لەسەر ئەو شەقامە قۆرخی شەقامی خزمەتگوزاریان کردووە و وەک پارک بەکاریدێنن”.

باسی لەوەشکرد، لە پڕۆژەکەدا باس لە دانانی سیستمی راگرتنی ئۆتۆمبێل بە پارە دەکرێت و بەردەم ئەو شوێنە قەرەباڵغانە بکرێنە پارە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی