بۆ چوارەم رۆژ

گەڕان بەدوای مێردمنداڵە عەرەبەکە لە ئەحمەدئاوا بەردەوامە

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

ئەمڕۆ چوار رۆژە گەڕان بەدوای کچە عەرەبەکە لە هاوینەهەواری زەڵمی ئەحمەدئاوا بەردەوامە و تا ئێستا هیچ سەرەداوێک نەدۆزراوەتەوە.

جیاواز لە دوو رۆژی رابردوو، کە بەهۆی گەڕان بەدوای تەرمەکەدا هاوینەهەوارەکە بەڕووی گەشتیاراندا داخرابوو، لەپێناو کەمکردنەوەی قەرەباڵغی ئەمڕۆ کە رۆژی هەینییە هاوینەهەوارەکە کراوەتەوە و گەشتیاران دەتوانن سەردانی بکەن، بە وتەی گەشتوگوزاری هەڵەبجە، خەڵکی ئەو ناوچەیە بژێویان لەسەر ئەو بازاڕە و هاتنی گەشتیارە بۆیە بڕیاری کردنەوەی هاوینەهەوارەکەیانداوە.

لەلایەکی دیکەشەوە تیمەکانی بەرگری شارستانی و JCC بەردەوامن لە گەڕان بەدوایدا بە ئامانجی دۆزینەوەی سەرەداوێک یان تەرمەکەی.

ئێوارەی سێشەممەی رابردوو، خێزانێکی عەرەبی دانیشتووی کەربەلا بەمەبەستی گەشت و سەیران سەردانی هاوینەهەواری ئەحمەدئاوایان کرد لە سنووری هەورامان و سەر لە ئێوارە کچێکی تەمەن 11 ساڵیان لەپڕ دیار نەما و گومان دەکرێت کەوتبێتە چەمی زەڵمەوە و لەو کاتەشەوە تیمەکان بەردەوام خەریکی گەڕانن بەڵام تا ئێستا هیچ سۆراغێکی نییە.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر