مەترسى دروستکردبوو

دوو تەقەمەنى مەترسیدار هەڵگیرانەوە

964+

وریا فەتاح

لە سنورى گوندى خێوەتەى شارباژێر، دوو مینى مەترسیدار لەلایەن تیمەکانى تەقاندنەوەى بەڕێوەبەرایەتى گشتى کاروبارى مینى سلێمانییەوە هەڵگیرانەوە و هۆشداریش بە هاووڵاتیان دەدرێت.

زانا کەریم، لێپرسراوى راگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتى گشتى مینى سلێمانى بە 964ى وت،”سەرەڕای ناهەمواری کەشوهەوا و وێڕای ئەوەش کە پشوی فەڕمییە، گولە تۆپێکی 130 ملیم و گولە هاوەنێکی 120 ملیم لە گوندی خێوەتەی شارباژێڕ، لەلایەن تیمى تەقاندنەوەى میینەوە هەڵگیرانەوە.

باسى لەوەشکرد، ئەمساڵ بەهۆى باران بارین و لافاوەوە بەشێکى زۆر لەو مین و تەقەمەنییانە دەرکەوتوون کە لەژێر زەویدان، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان ئاگاداربن و لەکاتى بوونى حاڵەتێکى لەم شێوەیە پەیوەندى بە هێڵى گەرمى 182 بکەن.

دڵنیاییدا کە ئەو مینانە بەشێوەیەکى زانستى هەڵدەگیرێنەوە و دەبرێن بۆ کۆگایەکى پارێزراوى دور لە دانیشتوان تا ئەوکاتەى بەشێوەیەکى زانستى دەتەقێندرێنەوە.

لێپرسراوى راگەیاندنى مینى سلێمانى، رێنمایى هاوڵاتییان دەکات لە کاتى دەرکەوتن و بینینى مین و تەقەمەنى لێى نزیک نەبنەوە و دەستى لینەدەن، چونکە هەندێک لە مینەکان فسفۆڕین و دەستڵدانیان مەترسیدارە.