دوای 15 ساڵ سێلین دیۆن لە لیستی باشترین گۆرانیبێژەکانی سەردەم دوورخرایەوە
+964
پەرستۆ ساڵح – هەولێر
خانمە هونەرمەندی جیهانی ناسراو، سێلین دیۆن لە لیستی 200 باشترین گۆرانیبێژی سەردەمەکان لە گۆڤاری رۆڵینگ ستۆن دوورخرایەوە.
دوورخستنەوەی سێلین دیۆن، هەروا بە ئاسانی تێنەپەڕی و لەماوەی چەند کاتژمێری رابردوودا هەوادارانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کاردانەوەی توندیان نواند.
لە نوێترین پۆلێن و ریزبەندی گۆڤاری رۆڵینگ ستۆن بۆ باشترین 200 گۆرانیبێژی گەورەی هەموو سەردەمێک، سێلین دیۆنی دوورخستەوە، ئەمەش وایکرد کە هەوادارانی ئەو ئەستێرە کەنەدییە پێوەرەکانی ئەو هەڵبژاردنە بخەنەژێر پرسیارەوە، پێیان سەیر بوو بۆچی دەستکەوتەکانی چاوپۆشییان لێکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کۆتایی ساڵی رابردوو لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام سێلین دیۆن رایگەیاند: کە تووشی نەخۆشیەکی دەگمەنی دەمار بووە بەناوی “Stiff Person Syndrome”، ناچار دەبێت لە کۆنسێرت و ئاهەنگ و چالاکییە هونەرییەکانی دووربکەوێتەوە، چونکە جگە لە لاوازبوونی کێشی و خراپی رێکردنی، هاوکات نەخۆشییەکەی کاریگەری لەسەر دەنگی هەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان لە لیستەکەدا ناوی چەندین ئەستێرەی جیهانی هەبووە کە هەندێکیان لە ژیاندا نەماون، وەک مایکڵ جاکسۆن، بەڵام پشتگوێخستنی سێلین دیۆن بووەتە جێگای پرسیار.
گۆرانیبێژی کەنەدی 55 ساڵ سێلین دیۆن بەهۆی دەنگە بەهێز و جیاوازەکەیەوە لە ئاستی جیهانیدا ناوبانگی دەرکردووە، هاوکات فرۆشی ئەلبومەکانی زیاتر لە 200 ملیۆنە لە سەرانسەری جیهاندا، جگە لە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی وەک باشترین گۆرانیبێژ، سامانەکەی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلارە.