دیمەنی خانووێکی تەواونەکراو - وێنە: شارەوانی سلێمانی
سبەی بچن بۆ مامەڵەکانتان
نزیکەی 300 خانوی زیادەڕۆی سلێمانی تاپۆدەکرێن
ژووری هەواڵ
پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی بۆ داواکاری تاپۆکردنی نزیکەی 300 خانوی زیادەڕۆ کردووە و وەڵامی یەکلاکەرەوەی پێیە بۆ خاوەنەکانیان دەڵێت، بچن بۆ شارەوانی مامەڵەکانتان تەواو بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 20.12.2023، زەردەشت رەفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەلایەن پارێزگاوە نوسراویان بۆ کراوە کە مامەڵەی تاپۆکردنی ئەو خانوانە بەجێبگەیەنن و هەموویان تاپۆیان پێبدرێت.
ئەو هاوڵاتیانەی ناویان هاتووەتەوە ئەوانەن کە ساڵی رابردوو لە پارێزگای سلێمانی دەرفەتیان پێدرا و داواکارییان پێشکەشکرد بۆ تاپۆکردنی خانوە زیادەڕۆکانیان.
خانووەکان بەگوێرەی یاسای ژمارە 3ـی ساڵی 2019 تاپۆدەکرێن، خاوەنەکانیان دەتوانن لە سبەینێوە سەردانی بەشی موڵکایەتی شارەوانی سلێمانی بکەن لە نهۆمی یەکەم بە مەبەستی راییکردنی مامەڵەکانیان.
بەشی یەکەمی پارەی تاپۆکردنەکە بە نرخێکی رەمزی دیاری دەکرێت و ئەم بەشە لە ناوەندی پارێزگادا هەتا رووبەری 200مەتر دووجا و لە ناوەندی قەزادا هەتا رووبەری 250 مەتر دووجا و لە ناوەندی ناحیەدا هەتا رووبەری 300 مەتر دووجا دەڕوات.
ئەگەر رووبەری خانووەکە لەوانە زیاتر بوو ئەوا بەشی دووەمی پارەی تاپۆکردنەکە بە نرخی بازاڕ دیاری دەکرێت کە لە ناوەندی پارێزگادا هەتا 300 مەتر دووجا و لە ناوەندی قەزادا هەتا 400 مەتر دووجا و لە ناوەندی ناحیەدا هەتا 500 مەتر دوجا دەڕوات.