گوڵەبەڕۆژەش گران بوو
964+
توانا نەقی – هەولێر
بەرزبووەنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی کاریگەری بەسەر گوڵەبەڕۆژەش هەبووە، نرخی ئەویشی گران کردووە.
بەشێکی زۆری ئەو گوڵەبەڕۆژەیەی لە بازارەکانی هەرێمی کوردستان هەیە، لە وڵاتی چین هاوردە دەکرێت.
کەمی بەرهەمی ناوخۆو هاوردەکردنی گوڵەبەڕۆژە لە چین، هاوکات بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، وایکردووە نرخی گوڵەبەڕۆژەش گران بێت.
حەسیب محەمەد، یەکێکە لەو کەسانەی گوڵەبەڕۆژە بە کۆ دەفرۆشێت بە 964+ـی وت “بەرهەمی ناوخۆ بەش ناکات بۆیە گوڵەبەڕۆژە لە وڵاتی چینەوە هاوردە دەکرێت.”
زیاتر وتی “گونیەیەکی 10 کیلۆیی لە 36 هەزارەوە بووە بە 38 هەزار، دوکاندارەکانیش کیلۆی بە پێنج هەزار دینار دەفرۆشنەوە”.
حەسیب محەمەد دەشڵێت، گرانبوونەکە بەشێکی پەیوەندی بە نرخی دۆلارەوە هەیە، ئەوەی دیکە کەمبوونەوەی گوڵەبەڕۆژەیە لە وڵاتی چین.
گوڵەبەڕۆژە، یەکێکە لە دڵخوازترین شەوچەرەکانی کوردەواری، لە نەوەتەکانی سەدەی رابردوو، گوڵەبەڕۆژەی سەر سفرەی ماڵەکان هەمووی بەرهەمی ناوخۆ بوو، بەڵام ساڵانێکی زۆرە چاندنی گوڵەبەڕۆژە لە کوردستان کەمی کردووەو ئەمەش وایکردووە پێویستی ناوخۆ بە گوڵەبەڕۆژەی هاوردە پڕ بکرێتەوە.