تیمی فەرمانگەی ئاوی شارەزوور نیشان دەدات کە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆری شکاون _ وێنە: فەرمانگەی ئاوی شارەزوور
نزیک بووەتەوە لە 300 شکاوی
قەزایەک گیری خواردووە بەدەست شکانی بۆری ئاوەوە
ئەحمەد مستەفا
کاتێک سەیری دیمەنی کار و چالاکییەکانی رۆژانەیان دەکەیت، خەریکی هەڵکەندنن یان گۆڕینی قوفڵ، تەنیا ئەمساڵ 257 چالاکییان داناوە، کە شکانی بۆری ئاو بووە و چاکیان کردووەتەوە.
ئەمە حاڵی فەرمانگەی ئاوی قەزای شارەزوورە، ساڵی رابردوو 182 جار بۆری ئاو شکاون، ئەمساڵ تا ئێستا دیمەنی 257 شکانی بۆری ئاوی ماڵانیان بڵاوکردووەتەوە کە چاککراونەتەوە، رەنگە جیاوازترین فەرمانگە بێت لە رێژەی زۆری شکانی بۆری.
ئەو بۆرییانەی شکاون لە هەریەک لە گەڕەکەکانی، بەختیاری، ئازادی، هەواران، شارستانی، مامۆستایان، شارەوانی و سورێن بوون، تەنیا مانگی 12ی ئەمساڵ 26 شکاوی هەبووە لەو گەڕەکانەدا.
رەمەزان عارف، بەڕێوەبەری فەرمانگەکەیە لە بارەی رێژەی زۆری شکانی بۆری ئاوی ماڵان لە پێگەکەوە بۆ رای گشتی وتویەتی، “راکێشانی بەشێکی تۆڕی ئاو خواردنەوەی شارەزوور بۆ ساڵی 1980کان دەگەڕێتەوە و کۆنن، هەروەک لە ساڵی 1990 کاندا بە چوپ و لاستیک شکاوییەکان چاکراونەتەوە نەک بە شێوازی زانستی، ئەمەش هۆکارە بۆ لێچوونی دووبارە”.
بە وتەی ئەو، ماڵ هەیە لە مەودای یەک مەتردا پێنج قەفیزی بۆ وەرگرتنی ئاو داناوە، بەبێ ئەوەی جێگاکانی پێشوو بە زانستی چاکبکاتەوە، وتیشی،”کاتێک تۆڕی ئاوەڕۆ بۆ قەزاکە راکێشراوە، لە چەند ناوچەیەک بۆری ئاوی خواردنەوە شکێندراوە، بەبێ ئەوەی شارەوانی و فەرمانگەی ئاوی شارەزوور ئاگادار بکرێنەوە”.