بێ زیانی گیانی بووە

بەهۆی بوتڵی غازەوە ماڵێک لە سیدەکان سووتا


ئەحمەد مستەفا

درەنگانی شەوی رابردوو لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەزای سیدەکان ماڵێک ئاگری گرت، کاتێک پۆلیس چوونە سەر رووداوەکە دەرکەوتووە بوتڵی غاز تەقیوەتەوە.

تیمێکی بەرگریی شارستانیی قەزای سیدەکان چوونەتە سەر رووداوەکە، هەندێک دیمەنیان تۆماکردووە، کە دەری دەخات ژووری چێشتلێنان و رووکاری پێشەوەی ماڵەکە بە تەواوی سووتاوە و سەقفی خانووەکە رەشدەکاتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 20.12.2023، رەوەند مەغدید، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ئەوەی بە 964 وت، “ئەو تیمەی دەرچوون بۆ سەر رووداوەکە، توانیویان ئاگرەکە بکوژێننەوە زیانەکانیش کەمتر بکەنەوە”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “بە پێی راپۆرتی تیمی بەرگریی شارستانیی سیدەکان بێت، کە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ناردووە، جگە لە زیانی مادی، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە”.