خەڵکی سۆران هەر کێشەیەکی هەیە با تەلەفۆن بکات

964+

بەهرە محەمەد ئەمین – هەولێر

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوو ژمارە تەلەفۆنی بڵاوکردەوە و داوا دەکات، هەرکەسێک لە دەڤەرەکەی کێشەی هەیە با تەلەفۆنیان بۆ بکات، ئەمانیش هەوڵدەدەن چارەسەری بکەن.

بە قسەی بەرپرسانی ئیدارەکە، ئەو ژمارە تەلەفۆنانە بە ئامانجی گوێگرتنی زیاترە لە هاوڵاتیان.

رۆژی 14ی ئەیلولی 2021، قەزای سۆران و دەوروبەری وەکو ئیدارەی سەربەخۆ لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندرا.

هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەکە بە ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، لە کاتژمێر 9:00ی بەیانی بۆ 9:00ی شەو هەموو کێشە و گرفت و سکاڵایەک لە هاوڵاتیان وەردەگرن و بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

بە قسەی ئەو، تیمێكی تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەرپەرشتی ئەو هێڵانە دەکەن، هەر کێشەیەک لایەنی پەیوەندیدار خۆی بتوانێت، چارەسەری دەکات، کێشەکانی تریش کە پێویست بێت سەرپەرشتیاری ئیدارەکە دوای دەوام دەیبینێت و کاری لەسەر دەکات.

ئەو ژمارانەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڵاویکردووەتەوە، بریتیە لە:

07507000401 – 07507000501