ترخێنەش هەیە
کە سەرما هات هەر قاز خۆش نییە
کامیار کەمال ـــ پێنجوێن
وەرزی سەرما، خواستی هاوڵاتیان لە هەرێمی کوردستان بۆ سەر خواردنە گەرموڕە کوردەوارییەکان زیاددەکات، هاوکاتی کەشە ساردەکە چێژی ئەو خواردنانە زیاتر دەبێ.
لێرە مەبەستمان ترخێنەیە، کە خواردنێکی کوردەوارییە ئێستا لە پاڵ قاز و قەلدا، یەکێکە لەو خواردنانەی خواستێکی زۆری لەسەرە.
نەرمین حەمەئەمین، کابانی ماڵ لەبارەی چۆنیەتی دروستکردنی خواردنەکەوە بە 964ی وت، لە سەرەتای پاییز بڕوێشی بۆ ئەکوڵێنین و بەپێی پێویست شێلمی بۆ حازر دەکرێت، دواتر تێکەڵاو دەکرێت و دەخرێتە سەتڵێکەوە تاوەکوو تامی ترش دەبێت.
پاشتر، بە شێوەی سەلک دەخرێتە بەر خۆر، ئەو کابانە دەستڕەنگینە دەڵێت، “ترخێنە وشککراوەکە، لەگەڵ نۆک و نیسکدا تێکەڵدەکرێت بە گوێرەی پێویست ئاوی تێدەکرێت، هەروەک بەپێی خواست گۆشت یان چەند جۆرێک گیای کوردەواری تێدەکرێ”.
دکتۆر کامەران رەسوڵ پسپۆڕی بواری خۆراک لە بارەی ترخێنەوە چەند زانیارییەکی بۆ 964 بەم شێوەیە خستەڕوو کە، ترخێنە دەوڵەمەندە بە مادە ریشاڵییەکان و کالۆری کەمە و زوو هەستی تێربوون بە مرۆڤ دەبەخشێت، چەندین سوودی تەندروستی بۆ مرۆڤ هەیە لەوانە، (بەسوودە بۆ بەهێزکردنی بەرگری لەش و بەرگریکردن لە هەڵامەت و پەتا وەرزییەکان).
لە لایەکی دیکەوە، ترخێنە بەسوودە بۆ بەهێزکردنی یادەوەری و کاراکردنی خانەکانی مێشک و کۆئەندامی دەمار و هەرس.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا