"مۆم لە سندوقەکان دراوە"
سەدان سندوق لە بنکەکانی دەنگدان نەماون، دەنگدانی گشتی دواناخات؟
964+
ئەحمەد مستەفا
سەدان سندوق لە ناوەندەکانی دەنگدانەوە بۆ کۆگاکان گواستراونەتەوە، مۆم لە سندوقەکان دراوە و ئەنجومەنی کۆمسیاران تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە بۆچونی وایە، “لەگەڵ دەنگدانی گشتی جیاکردنەوەی دەستی بۆ دەنگدانی تایبەت بکرێ”.
بە وتەی بەرپرسێکی کۆمسیۆن بێت، هەموو توانای مرۆیی خۆیان لەسەر ئەوە کۆکردووەتەوە سندوقی نوێ و ئامێری ئەلیکترۆنییەکان داتا بکەنەوە و بیان نێرنەوە ئەو بنکانەی بەهۆی پێنەدانەوەی راپۆرتەوە، بۆ کۆگاکان گواسترانەوە تا سبەی دووشەممە لە کاتی خۆیدا دەنگدانی گشتی دەستپێبکات.
گرفتەکە هەریەک لە، بابل، میسان، کەربەلا، دیالە، کەرکوک، خورماتوو و خانەقین، لە پارێزگاکانی سەر بە هەرێمی کوردستان سلێمانی و هەولێری گرتەوە، مەزەندە وایە سەدان سندوق رەوانەی کۆگاکانی کۆمسیۆن کرابن لە سەنتەری پارێزگاکان و بە کەلەپچەی زەرد، شین و مۆمەوە دانراون.
کێشەى پەنجەمۆر بۆ هەڵبژاردنەکە دروست بوو
ئەمڕۆ یەکشەممە 17.12.2023، سەرچاوەیەکی بەرپرس لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت بە 964ـی وت، “زۆرینەی سندوقەکان مادەی مۆمیان لێ دراوە بۆ ئەوەی دەستکاری نەکرێن، لیژنەی کۆمسیۆن بە سەرپەرشتی دادوەری سەرپەرشتیار، ئەوکات جیاکردنەوەی دەستی بۆ دەکرێ کە پاش دەنگدانی گشتییە”.
ئەوەشی وت،” یەکێک لە هۆکارەکانی نەخوێندنەوەی راپۆرتی کۆتایی ئامێرەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ناوەکانی دەنگدان لەنێوان گشتی و تایبەت، هەروەها ئاوارە و خەڵکی نیشتەجێی شارەکان تێکەڵ بووە، کاردەکەین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە بۆ سبەی لە دەنگدانی گشتی روو نەداتەوە”.