وەزیرى پەروەردە وادەڵێت

“هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواخستنى خوێندنى ئەمساڵ”

964+

وریا فەتاح

وەزیرى پەروەردە رایدەگەیەنێت، هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواخستنى خوێندنى ئەمساڵ، داواکارى مامۆستایانیش رەوان.

لە کاتى به‌شداریكردنی له‌ مه‌راسیمی رۆژی ئاڵا له‌ قوتابخانه‌ی نالی بنه‌ڕه‌تی تێكه‌ڵاو له‌ شاری هه‌ولێر، ئالان حەمە سەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێم رایگەیاند: تائێستا خوێندن لە بەشێک لە ناوچەکان دەستى پێنەکردووەتەوە، بەڵام ئێمە هەموو هەوڵى خۆمان دەدەین بۆ ئەوەى پڕۆسەکە دەستپێبکاتەوە.

لەبارەى چارەنوسى خوێندنى ئەمساڵ، وەزیرى پەروەردە بە 964ى وت،” هیچ بڕیارێک نییە بۆ دواخستنى خوێندنى ئەمساڵ، لە رووى تەکنیکییەوە پشتگیر و هاوکارى پەروەردەکانى سلێمانى و هەڵەبجە و راپەڕین و گەرمیانین، بۆ ئەوەى پڕۆسەکە دەستپێبکاتەوە”.

وێڕاى پشتگیریکردنى داواکارى مامۆستایان، بەڵام بە وتەى ئالان حەمە سەعید، شایستە و بەشە داراییەکانى هەرێم، بەغدا لێى بەرپرسە و نەیناردووە.

زیاتر له‌ سێ مانگ به‌سه‌ر دەستپێکردنى خوێندنى ئەمساڵدا تێدەپەڕێت، بەڵام تائێستا لە بەشێکى زۆرى قوتابخانەکانى سلێمانى و گەرمیان و هەڵەبجە و راپەڕین و کۆیە، دەرگاى قوتابخانەکان نەکراونەتەوە.