حکومەت لە ساڵێکدا هەشت مانگ خەریکی دابەشکردنی موچەیە

964+

هێمن بەکر – هەولێر

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچەی هەر مانگێک، 20 رۆژ یان زیاتری دیاریکردووە، کۆی ئەو ماوەیە دەکاتە هەشت مانگ لە 12 مانگەکەی ساڵدا.

واتە لە 365 رۆژی ساڵ، 240یان موچەی تیا دابەش دەکرێت.

964+ لە سۆراغێکدا بۆی دەرکەوتووە، کە ئەگەر تەنیا ساڵی 2022 بە نمونە وەربگیرێت، ئەوا سەتا 65ی کۆی ساڵەکە موچەی تیادا دابەشکراوە.

زیاتر لە حەوت ساڵە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا موچە دابەش بکات، بە بیانوی قەیرانی دارایی، ناسەقامگیری دۆخی ناوچەکە و هەندێک گرفتی دیکە.

لە ناوەڕاستی 2014 کاتێک رێکخراوی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) شاری موسڵی کۆنترۆڵکرد و دواتر بەرەو ناوچەکانی شنگال و مەخمور و کەرکوک هات، حکومەتی هەرێمی کوردستان روبەڕوی قەیرانی ئەمنی بووەوە.

ئەو رێکخراوە تاوەکو 2018 هێشتا لە پارێزگای نەینەوا و ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چالاک بوو، بەڵام دواتر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆنترۆڵکرانەوە.

هەر لەو سەروبەندەدا، قەیرانی دارایی رووی لە هەرێمی کوردستان کرد، بەهۆی ئەوەی بودجەی فیدراڵی بۆ نەنێردرا، بە بیانوی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ و رادەست نەکردنی داهاتەکان بە بەغدا.

لە دوو سێ ساڵی رابردووشدا، بیانووەکان بۆ دابەش نەکردنی موچە لە کاتی خۆی، هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتی خاو بوو بۆ کەمترین ئاستی خۆی لە مێژوودا.

لەو ساڵانەدا، هەندێک جار وەکو خۆی، هەندێک جار بەشێکی دەکرا بە پاشەکەوت و هەندێک جاری دیکە بە لێبڕینی بێ پاشەکەوتەوە موچەی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە.

بەگوێرەی ئامارەکان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 413 هەزار و 526 موچەخۆری هەیە، لە کۆی زیاتر لە شەش ملیۆن دانیشتووان.

ئەوە یانی نزیکەی سەتا 40ی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان موچەخۆری حکومەتن.