داوای کردنەوەی شێڵتەرێک دەکرێت

بنکەی ڤێتەرنەری قەڵادزێ: سەگی بێلانە مەترسی بۆ سەر تەندروستی هاوڵاتیان دروست دەکات

964+

محەمەد عەلی – قەڵادزێ

لە قەڵادزێ تادێت ژمارەى سەگە بێلانەکان زیاد دەبن و ڤێرتەرنەری ئەو شارە دەڵێت، مەترسى راستەقینەیان بۆسەر گیانى هاووڵاتییان دروستکردووە، کەچی هیچ پەناگەو شەڵتەرێکیش لە ناوچەکە بوونى نییە.

د.شەهرام محەمەد لێپرسراوی بنکەی ڤێتەرنەری قەڵادزێ، قسەى بۆ 964 کردووە و دەڵێت: سەگە بێلانەکان ژمارەیان زۆر بووە و مەترسییان بۆسەر گیانى هاوڵاتییان دروستکردووە، بەهۆى ئەوەى لە ناو بازاڕ و پارکەکان هاوڵاتییان خواردنیان پێدەدەن ئەو شوینانە بونەتە شوێنى کۆبونەوەى سەگەکان و تێکەڵاوى خەڵک بوون.

سەگە بێلانەکانى قەڵادزێ ڤاکسین نەکراون و لەژێر چاودێرى ڤێتەرنەریدانین، بۆیە بە وتەى لێپرسراوى ڤێتەرنەرى قەڵادزێ، سەگەکان مەترسى جۆرەها نەخۆشییان لێدەکرێت بەتایبەت نەخۆشى هارى و کرم کە نزیکە ئەم نەخۆشییانە بۆ مرۆڤیش بگوازرێتەوە یان بە رێگەى پەلاماردانەوە هاوڵاتییان توشى بەرکەوتن ببن.

تائێستا لە سنورى قەزاى پشدەر و ئیدارەى راپەڕین شەڵتەر و پەناگەیەک نیە بۆ کۆکردنەوەى سەگە بێلانەکان، بەڵام بە وتەى د.شەهرام محەمەد، چەند جارێک بەدواداچونیان کردووە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام چارەسەر نەکراوە، پێشى وایە دەبێت، سەگەکان نەزۆک بکرێن و رێگا لە زیادبونیان بگیرێت.

لەسەر هەمان بابەت ئارام محەمەد، سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت: وەک زۆربەی ناوچەکانی تر لەسنوری ئێمەش ئەوحاڵەتە هەیە، بۆچارەسەری پێویستە لە رێگەی فێتەرنەری قەڵادزێوە، بەشێوەی زانستی نەزۆک بکرێن بۆئەوەی وەچە نەنێنەوەو زیاد نەبن، هەروەها شێڵتەرێک دروستبکرێت و چاودێرى بکرێن، بەڵام بەهۆى دۆخى دارایى و نەبونى بودجەى پێویست، ناتوانرێت ئەمە بکرێت.

سەرۆکی شارەوانی قەڵادزێ دەڵێت، “دەتوانین زەوى بۆ شێڵتەرێک دابین بکەین، بۆیە هەرکاتێک دەست بە دروستکردنى شێڵتەرێک کرا، هاوکار دەبین”.

پێداچونەوە؛ وریا فەتاح