توێتا پیکابێکیان دزى بوو

دوو تۆمەتبارى دزینى ئۆتۆمبێل دەستگیرکران

وریا فەتاح

پۆلیسى راپەڕینى دەستگیرکردنى دوو تۆمەتباری راگەیاند کە لە رانیە ئۆتۆمبێلێکیان دزى بوو و لە قەڵادزێ فرۆشتبوویانەوە.

بەپێى ئەو راگەیەنراوەى پۆلیسى راپەڕین بڵاوى کردووەتەوە، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینی کرد و سکاڵای تۆمارکرد کە ئۆتۆمبێلێکی جۆری توێتا پیکابى لەبەردەم ماڵەکەی لێدزراو، رێکارى یاسایى گیرایەبەر.

دواى گەڕان و کۆکردنەوەى زانیارى، تونرا تۆمەتبار بناسرێت و دەستگیر بکرێت.

پۆلیسى راپەڕین ئەوەشى خستووەتەڕوو، دواى دەستگیرکردنى تۆمەتبار دانینا بەوەی کە ئۆتۆمبێلەکەی لە قەڵادزێ بەهاوکاری کەسێکی تر فرۆشتووە، بۆیە رێکاری زیاتر گیرایەبەر و بەهاوکاری بەشی پۆلیسی فریاکەوتنی رانیە، توانرا کەسی دووەم دەستگیر بکرێت.

باسلەوەشکراوە، هەردوو تۆمەتبارەکە تەمەنیان لەسەرووى 18 ساڵە و لە رەگەزى نێرن، بەگوێرەى مادەى 446 لە یاساى سزادانى عێراقى راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.