لە داقوق
زیاتر لە 25 دۆنم گەنم و جۆی جوتیاران بووە خۆڵەمێش
سیروان خورشید- دوزخورماتوو
ئاگرێکی گەورە لە دەغڵودانی گوندی کلیسەی سەر بە قەزای داقوق کەوتەوە و زیاتر لە 25 دۆنم گەنم و جۆی جوتیاران بووە خۆڵەمێش.
بەهۆی خێرایی با، ئاگرەکە بە خێرایی تەشەنەی کرد و کۆنتڕۆڵکردنی سەخت بوو، سەبارەت بە رووداوەکە، رائید قەیس عەبدولرەزاق، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی داقوق بە 964ـی وت ،”دوای ئاگادارکردنەوەمان، دەستبەجێ تیمەکانی پۆلیس و بەرگری شارستانی چوونەتە شوێنەکە، سەرەڕای سەختیی rێگاوبان و خێرایی ئاگرەکە، بەڵام دوای هەوڵدانێکی زۆر توانیمان کۆنتڕۆڵی بکەین و رێگری لە تەشەنەکردنی زیاتری بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی دیکەی گوندەکە بکەین”.
سەبارەت بە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە و تا ئێستا بە وردی دیار نییە ئاخۆ ئاگرەکە بەهۆی کەمتەرخەمییەوە بووە یان هۆکارێکی دیکەی هەبووە، بەڵام تیمەکانمان سەرقاڵی کۆکردنەوەی بەڵگە و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی پێویستن بۆ ئەوەی راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەین.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە جوتیارانی ناوچەکە لە وەرزی دروێنەدان و کەمترین زیان بە دەغڵودانیان، کاریگەری راستەوخۆی لەسەر بژێوی ژیانیان دەبێت.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری