ئامێرێکی شۆفڵی لە کاتی لابردنی ریکلامێکدا - وێنە: شارەوانیی سلێمانی
سزای بەدواوەیە
هەڵمەتی لابردنی ریکلامی شەقامەکان دەستیپێکرد
964+
پێشەوا محەمەد
شارەوانیی سلێمانی هەڵمەتی لابردنی ئەو ریکلامانەی دەستپێکردووە، کە زیادەڕۆیین و بەوتەی خۆیان سیمای ناشیرینیان داوە بە ناوبازاڕ و شەقامەکان.
بڕیارەکە دوێنێ چوارشەممە 13.12.2023 لە ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانییەوە دراوە و سەرجەم شوێنەکان دەگرێتەوە.
زەردەشت رەفیق، وتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، هەڵمەتەکە بۆ لابردنی ئەو ریکلامانەیە کە دوکاندار و شوێنە بازرگانییەکان بە ئارەزووی خۆیان دایان ناون و بوونەتە هۆی دروستبوونی ناشیرینی و ئاڵۆزی.
وتیشی، “بەشێک لەو ریکلامانە لەسەر شۆستە و شەقام و شوێنە گشتییەکان داندراون و زیادەڕۆن و رێگەی هاتوچۆی هاوڵاتیانیان تەنگەبەر کردووە”.
ئەو هەڵمەتەی شارەوانیی سلێمانی هاوکاتە لەگەڵ لادانی زیادەڕۆیی کەلوپەلی دوکاندارەکان لەسەر شۆستە و بەردەم دوکانەکانیان لە ناوبازاڕ و شەقامە جیاوازەکانی ناوشاردا.
“ئەو ریکلامانەی زیادەڕۆیین و ناشیرینن و لادەبرێن نابێت دابندرێنەوە، چونکە ئەگەر خاوەن دوکان دایبنێتەوە دواتر سزا دەدرێت”، زەردەشت رەفیق وای وت.