گەڕانەوەی گەشتیارەکان
شەش گەشتە
یەکەم فڕۆکەی گەشتیارە گیرخواردووەکان گەیشتە عەرعەر
964+
ئەحمەد مستەفا
یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، لە چوارچێوەی پرۆسەیەکدا بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی کە بەهۆی بارودۆخی شەڕەوە لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، گەیشتە فڕۆکەخانەی عەرعەر.
پێشتر، كۆمپانیای گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە دەستدەکەن بە ئەنجامدانی چەند گەشتێکی ئاسمانیی نائاسایی بۆ گەڕاندنەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە، گەشتەکانیش لە قاهیرە و دەلهییەوە دەبن بۆ وڵاتی سعودیە.
مەناف عەبدولمونعیم، بەڕێوەبەری گشتی هێڵە ئاسمانییەکانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، پلانی شانەی قەیرانەکان ئەنجامدانی شەش گەشتی ئاسمانی لەخۆدەگرێت؛ کە بریتین لە دوو گەشت لە قاهیرەی پایتەختی میسر و چوار گەشت لە دەلهی پایتەختی هیندستانەوە بەرەو سعودیە. دواتریش لە رێگەی وشکانی و لە دەروازەی سنووریی (عەرعەر)ـەوە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ناو خاکی عێراق.
داوای لەو هاوڵاتییانە کردووە کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، سەردانی ئۆفیسەکانی کۆمپانیاکە یان باڵیۆزخانەکانی عێراق لە قاهیرە و دەلهی بکەن بەمەبەستی ناوتۆمارکردن و تەواوکردنی رێکارەکانی گەشتکردن لە چوارچێوەی پرۆسەی گەڕاندنەوەکەدا.
