دووەمجارە ئەو داوایە دەکات
دهۆک داوای 700 پارچە شوێنەواری لە بەغدا دەکاتەوە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
شوێنەواری دهۆک داوای ئەو 700 پارچە شوێنەوارییە لە بەغدا دەکاتەوە، کە ساڵی 1991 لە دهۆکەوە بۆ بەغدا گوازراونەتەوە لەوێ هەڵگیراون.
مۆزەخانەی دهۆک ساڵی 1989 کراوەتەوە و ساڵێ 1991 بەهۆی بارودۆخی سیاسییەوە داخراوە و تا ساڵی 2013 نەکراوەتەوە، ئەوکات ئەو پارچە شوێنەوارییانە گوازراونەتەوە بەغدا.
بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوينەواری دهۆک بە 964ـى وت، “32 ساڵ دەبێت ئەو پارچە شوێنەوارییانە لە بەغدان و دوو جار داوای گەڕاندنەوەیمان کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی بەغداین”.
وتیشی، “ئێمە پلانێکی گەورەمان هەیە بۆ پاراستنی شوێنەوارەکانی دهوک، بەڵام کارکردن لەسەریان پارەیەکی زۆری دەوێت، تا ئێستاش هیج بوودجەیەک لەبەردەست نییە”.
بەپێی ئەو ئامارەی کە 964 لە بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری دهۆک دەستیکەوتووە، لە سنووری پارێزگای دهۆک دوو هەزار و 221 ناوچەی شوێنەواری بوونیان هەیە و گەڕان و پشکنینیش بۆ شوێنەواری نوێ بەردەوامی هەیە.
سەبارەت بە مێژووی ئەو پارچە شوێنەوارییانەی لە بەغدان، بەڕێوەبەری شوێنەواری دهۆک وتی، “بە دیاریکراوی نازانم ساڵەکانیان چونکە زۆرن، بەڵام مێژووەکەیان زۆر کۆنە”.
پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد